پزیشکێکی پسپۆڕی هەناو و چالاکی کۆمەڵایەتیی خەڵکی سەقز بە ناوی دوکتۆر “بەیان ساڵحیان”، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژینا، لەلایەن دادگای کەیفەریی ورمێ بە ٥ مانگ بەندکرانی تەعزیری و ١٥٠ ملیۆن تمەن سزای نەختی حوکم درا.
لەمبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە چاونیوزی ڕاگەیاند: دوکتۆر ساڵحیان ڕێکەوتی ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٣ لە دادگای سەرەتاییی لقی ١١١ی دادگای کەیفەریی دوو موجتەمەعی بێهێشتیی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتیی “فەرهاد فەرع مەنش”، بە تۆمەتی “بڵاوکردنەوەی درۆ بە مەبەستی بشێویی ڕای گشتی لە سۆشیال میدیا” بە ٥ مانگ بەندکرانی تەعزیری و ١٥٠ ملیۆن تمەن سزای نەختی حوکم دراوە و ئەم حوکمە ڕێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوەی ئەمساڵ وەک خۆی لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرایەوە.
لە تۆمەتەکانی دۆسیەی ناوبراودا باس لە “تەبلیغ دژی کۆماری ئیسلامی و لە بەرژەوەندیی دژبەرانی نیزام” کراوە، بەڵام دادگا حوکمی دەرکراوی تەنیا بەپێی “بڵاوکردنەوەی درۆ بە مەبەستی بشێویی ڕای گشتی لە سۆشیال میدیا” دەرکردووە.
ئەم پزیشکە پێشتریش دۆسیەیەکی دیکەی لە دادگای شۆڕشی سنە هەبووە. ئەو لەم دۆسیەیەدا لە گەلاوێژی ١٤٠٢دا لەلایەن دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی “تەبلیغ دژی نیزام لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بابەت لە سۆشیال میدیا” بە ٨ مانگ بەندکرانی تەعزیری حوکم درابوو کە لە درێژەدا ئەم حوکم بۆ ٢٠ ملیۆن تمەن سزای نەختی گۆڕدرا.
هەروەها بەدوای ئەم دۆسیەسازی، د. بەیان ساڵحیان ساڵی ١٤٠٢ بەهۆی “ڕەتی گوزینش” لە پەیوەندی لەگەڵ پیشەکەی، ناچار کرابوو لە سنەوە بچێت بۆ ورمێ، بەڵام لە ورمێدا دیسانەوە بەرەوڕووی دۆسیەسازی بووەوە.