ڕۆژی چوارشەممە ٣ی بانەمەڕ، مامۆستا مەلا “سابیر خودامورادی” پێشنوێژی مزگەوتی “نوور”ـی گەڕەکی قەوخی سەقز، دوای بانگکرانی بۆ دادگای تایبەتی ڕووحانییەتی هەمەدان و ئامادەبوونی لەوێ، بە ٢٢ مانگ بەندکرانی تەعزیری حوکم درا.
ناوبراو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، نامەی بانگکردنی لە دادگای تایبەتی ڕووحانییەتی هەمەدان وەرگرتبوو. مامۆستا سابیر، خەرمانانی ساڵی ڕابردوو بە پەیوەندیی تەلەفۆنی لەلایەن ئەم دادگایەوە بە تۆمەتی “تەبلیغ دژی نیزام” بە ١٥ مانگ بەندکرانی تەعزیری حوکم درابوو.
ئەم مامۆستایە ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٢، لەلایەن هەمان دادگاوە بە تۆمەتەکانی “تەبلیغ دژی نیزام” و “شێواندنی بیروڕای گشتی”، بە ٧ مانگ و نیو بەندکرانی هەڵپەسێردراو و ٧٤ زەربە قامچیی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی سێ ساڵ حوکم درابوو.
ڕێکەوتی ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٢، ئەم مامۆستا ئایینییە بۆ سێیەمین جار بەهۆی پشتیوانیکردن لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە خوتبەکانی نوێژی هەینی، بانگی دادگای تایبەتی ڕووحانییەتی هەمەدان کرابوو.
مامۆستا سابیر خودامورادی بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ دەرفەتی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەمەڕ حوکمی دەرکراوی هەیە.