لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، “سوڵماز حەسەنزادە”، خوشکی “محەممەد حەسەنزادە” لە شەهیدانی بزووتنەوەی #ژینا، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکان، بە تۆمەتی “تەبلیغ دژی نیزام”، بە ١٢ مانگ بەندكران سزا درا.
ئەم هاونیشتمانییە لەگەڵ باوکی (ئەحمەد حەسەنزادە)، ڕۆژی سێشەممە ٩ی گەلاوێژ، هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی “محەممەد”، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات، بەبێ حوکمی دادوەر دەسبەسەر کرابوو.
دوای چەند ڕۆژ، سوڵماز ڕەوانەی بەندی ژنانی بەندیخانەی ورمێ كرا و باوکیشی (ئەحمەد) بە دانانی بارمتەی ٤ ملیاردی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
سوڵماز دوای چەند ڕۆژ لێپرسینەوەی و مانگرتن لە خواردن، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا.
محەممەد حەسەنزادە خەڵکی بۆکان، ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی ژینا، بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەست دا.