۱۱ی گەلاوێژی ساڵی ۱۴۰۰ ھەتاوی
آموزش وردپرس

کوژران و برینداربوونی چەند کاسبکارێ کورد لە سەقز، پیرانشار و ماکۆ

سێ کاسبکاری دیکەی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی سەقز، پیرانشار و ماکۆ بە تەقەی هیزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژران و بریندار بوون.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، ۲۱ی ڕەزبەر لە ناوچە سنوورییەکانی ماکۆ چەند ماشێنێکی کاسبکاران کەوتە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکان. لەو ڕووداودا کاسبکارێک بە ناوی “جادر ئەحمەدپوور” بە توندی بریندار بوو، هاوکات هەموو بار و ماشێن و کەلوپەلی ئەو کاسبکارانە دەستی بەسەردا گیرا.
ئێوارەی پێنجشەممە، لەسەر هەینی، ۲۰ی ڕەزبەریش لە ناوچە سنوورییەکانی پیرانشار پۆلێک کاسبکار کەوتنە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکان و یەک لەوان بە ناوی کامیل مەحموودی گیانی لە دەست دا.
کوژرانی ئەو کاسبکارەی خەڵکی پیرانشار لە کاتێک دایە کە ڕۆژی پێشتریش لە ناوچەی سەقز کاسبکارێک بە گوللەی هێزە ئینتیزامییەکان پێکرا و گیانی لە دەست دا.
دانا کەریمی، خەڵکی کەریماوای سەقز قوربانیی ئەو هێرشەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بوو و بە گومانی پێبوونی کاڵای قاچاغ لەلایەن ئەوانەوە درایە بەر دەستڕێژ و کوژرا.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن ناوبراو گوللە بەر سەری کەوتوە و دوایە ماشێنەکەی خۆی کێشاوە بە ترۆمبیلێکی بارهەڵگری بێنز؛ بەڵام پۆلیس ڕایگەیاندوە کە دانا کەریمی بەهۆی ڕووداوەی پێکدانانەکە مردوە، نەک گوللەی هێزەکانی حکومەت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *