لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سزای لە سێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی، خەڵکی شاری ”سەحنە”ی سەر بە کرماشان لەلایەن لەلایەن لقی ١٧ی دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە.
ئەو هاونیشتمانییە یارسانییە، پێشتر لەلایەن لقی دووی دادگای تاوانەکانی یەکی پارێزگای شاری کرماشان بە تۆمەتی “کوشتنی نادر بەیرامی، بەرپرسی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری سەحنە، کەڵەگایی و هێرش کردن بە چەقۆ و شێواندنی تەناهی گشتی” سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو.
ڕەزا ڕەسایی لە ڕەوتی ڕێوڕەسمی بیستویەکەمین ساڵیادی ڕێزگرتن لە “سەید خەلیل عالی نژاد” لە ڕێبەرانی کوردی ئایینی یارسان و لە پێوەندی دەگەڵ ڕاپەڕینی ژیان، ڕێکەوتی هەینی ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١، لە شاری کەرەج لەلایەن هێزەکانی سەرکوتکەرەوە دەسبەسەر کرا. ناوبراو دوای لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بۆ بەندیخانەی دێزڵئاوای شاری کرماشان گواسترایەوە.