چاونیوز: مامۆستایەکی زمانی کوردی بەناوی “سەیوان ئیبراهیمی” کە هاوکات ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی _کۆمەڵایەتیی “نۆژین”ـی شارە سنەیە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی قازی “کەرەمی” بەتۆمەتی “پێکهێنانی گرووپ و تێکدانی ئاسایشی گشتی” ١٠ساڵ و “پڕوپاگەندە دژی ئێران” سزای یەک ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
سەیوان ئیبراهیمی، گەلاوێژی ئەمساڵ لە دۆسییەیەکی دیکەدا، لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی سنە، بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی، یەک ساڵ بەندکردنی تەعزیری، دوورخستنەوە لە زێدی خۆی و لێدانی ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپێندرا و دواتر سزای بەندکردن و لێدانی قامچییەکەی لە دادگای پێداچوونەوە پەسەند کرا و سزای دوورخستنەوەکەی بۆ بەندیخانەی دێزڵاوی کرماشان هەڵوەشایەوە.
سەیوانی ئیبراهیمی هاوژینی زارا محەممەدی، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و لە ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.