چاونیوز: ئێوارەی چوارشەممە ٢٢ی فێوریەی ٢٠٢٣ کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە نێوان ئەندامانی بەڕێوبەری رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی کەنەدا لقی ترای سیتی و ڕان مەکانن ئەندام پارلمانی فیدرالی کەنەدا سەبارەت بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ و دۆخی زیندانیانی سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەچوو.
لەو کۆبوونەوەدا سەرکوتی بێبەزایانە و ڕەشبگیری ڕەهای سەرکوتکەرانی رژیمی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەلوچستان بە تایبەتی و هەموو ئێران بە گشتی بۆ ڕان مەکانن باس کرا و دوایین ریپورتی پێشێلکاری مافی مرۆڤی هەردووک رێکخراوی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان #چاونیوز و هەنگاو بە ران مەکانن دران.
ناوبراو ئاماژەی بە گەمارۆی بەردەوامی دەوڵەتی لیبراڵی کەنەدا بۆ سەر رژیمی ئێران و بە تایبەتی گەمارۆ لەسەر زیاتر لە ١٠ هەزار ئەندامی سپای پاسدارانی باس کرد. بەرێز ران مەکانن هەروەها باسی زیادکردنەوەی گەمارۆکان و راگەیاندنی گۆرانی یاسای پەنابەران بۆ رێگری لە هاتن و دەرکردنی ئەندامانی سپاە و بنەماڵەی رێبەرانی رژیم لە کەنەدای، لە لایان دەوڵەتی کەنەدا بەو زووانە ئاشکرا کرد.
ران مەکانن بە ئەندامانی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی راگەیاند کە هەر ١٥ ئەندامی پارلمانی فیدرالی سەر بە حیزبی لیبراڵی کەنەدا لە هەریمی بریتیش کوڵومبیا کەفالەتی ٣٠ زیندانی سیاسیان لە ئێران وەئەستۆ گرتووە و بەردەوام چاوەدێری دۆخی زیندانیانی سیاسی لە ئێران دەکەن.
بە تروریست ناساندنی سپای پاسداران، و ناساندنی عەلی خامەنەیی وەک تاوانبار بە دژی مرۆڤایەتی و دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ ناساندن و دەرکردنی ئەندامانی سپای پاسداران و کەس و کاری سەر بە رژیم لە کەنەدا تەوێرێکی دیکەی باسەکان بوون.
بەرێز مەکانن وێرای سپاسی ئەو سەردانە و نوێکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە دۆخی خراپی بواری مافی مرۆڤ لە ئێران، داوای هاوکاری زیاتر و ئاگادارکردنەوەی ناوبراو سەبارەت بە چارەنووسی زیندانیانی سیاسی کرد.
لە کۆتاییدا زەختی زۆری رژیم بۆ سەر ژنانی کورد وەک پێشەنگ و دەسپێشخەری شۆرشی ژن ژیان ئازادی لە رۆژهەڵاتی کوردستان باس کرا و ناوی ٢٠٢ ژنی کوردی زیندانی سیاسی بە بەرێزیان دران. هەواڵی ئازادکرانی زارا محەمەدی ران مەکاننی زۆر خۆشحال کرد. ناوبرا بۆ پشتیوانی و ئازادی کردنی زارای محەمەی نامەییەکی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی دادی ئێران کردبوو.
رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەی کەنەدا لقی ترای سیتی