شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە، 19 گەلاوێژ، هێزە جێگیرکراوەکانی سەرسنوور لە سنووری “دۆڵ مەیدان” هەڵکەوتوو لە نێوان کێوەکانی کێلەشینی سەر بە شاری شنۆ تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کرد کە لە ئاکامدا کۆڵبەرێک دەستبەجێ گیانی لە دەستدا.
فەرهاد جەسیمی، خەڵکی گوندی سیدانی سەڵماس شوناسی ئەو کۆڵبەرەیە کە کوژراوە و کۆڵبەرێکی دیکەش بە ناوی تەوحید بە توندی بریندار بووە.
کوژران و برینداربوونی ئەو دوو کۆڵبەرەی خەڵکی شنۆ لە حاڵێک دایە کە هەر لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا 29 کۆڵبەر و کاسبکاری دیکەی کورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون. حەبیب موحیبی لە مەریوان، جەلال باڵان و فەرهاد زەردی لە پیرانشار، وەحید بروکانلوو لە ورمێ و فەرید محەممەدزادە لە سەلاسی باوەجانی ناوی کۆمەڵێک کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانن کە لە حەوتووی ڕابردوودا بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم کوژراون و بریندار بوون.
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشتریش لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبۆوە کە لە ماوەی ئەم سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا 37 کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی پەرەنەسەندنی کوردستان لە ڕووی ئابووری و رەفتاری دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد. لەوەندە کەسە 18 کاسبکار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون و 19 کەسیش هەر بەو هۆیە بریندار بوون و دەیان سەر ئەسپ و ئێستری ئەو کاسبکارانەش بە کوشت چوون و دەست بەسەر چەندین میلیارد تمەن بار و کەلوپەلیان داگیراوە.