ئەحمەد جەننەتی، دەبیری شوڕای نیگابان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕیاری داوە کە دەبێ هەموو کەمایەتییە ناموسوڵمانەکان کە لە ناوچە موسوڵمان نشینەکان خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی شوڕا پاڵاوتوە، ڕەدی سەڵاحییەت بکرێن.
عەباسعەلی کەدخودایی، وتەبێژی شورای نیگابان لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنادا ئەو نامەیە و بڕیارەکەی جەننەتیی پشتڕاست کردۆتەوە.
بڕیارەکەی ئەحمەد جەننەتی لە حاڵێکدایە کە بەپێی تەبسرەی مادەی 26ی قانوونی هەڵبژاردنەکانی شوڕا ” کەمایەتییە دینییە بە ڕەسمیناسراوەکان لە قانوونی بنەڕەتیی وڵاتدا دەبێ بەجێی پێبەندبوونیان بە ئیسلام پێبەندی باوەڕ و ئایینی خۆیان بن.” هەروەها بەپێی ئەسڵی چواری قانوونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامی ” هەموو قانوون و ڕێوشوێنە مەدەنی، جەزایی، ماڵی، ئابووری، فەرهەنگی، نیزامی، سیاسیو غەیری ئەوانە دەبێ بەپێی ڕێوشوێنەکانی ئیسلام بن.”
شایانی باسە ئەگەرچی لەو بڕیارەی شوڕای نیگاباندا ئاماژە بەو ئەسڵەی قانوونی ئەساسی کراوە، بەڵام لە خولەکانی پێشووی هەڵبژاردنی شوڕای شاردا بڕیارنامەی ئاوا بۆ لادانی کەمایەتییەکان و ڕێگری لە بەشداریی ئەوان بەرچاو نەکەوتوە یان ئەوەی بە میدیایی نەکراوە.