چاونیوز: ٢٤٠کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لە ساڵی ڕابردوودا کوژراون یان بریندار بوونە.
بە پێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ناوەندی ماڤی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کاتێکدا کۆڵبەرکوژی و سەرکوت و کوشتاری خەڵکی کاسبکاری ناوچە سنوورییەکان بەشێکی سەرەکیی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانە، لە ماوەی ئەم ساڵەدا ٢٤٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەقهەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست داوە و بریندار بوون.
وردەکارییەکان دەریدەخەن کە لەو ٢٤٠ قوربانییەی ئەمساڵ ٧٣ کەسیان کوژراون و گیانیان لەدەست داوە، هەروەها ١٦٧ کەسیش بریندار بوون.
کوژران و برینداربوونی ٢٤٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ساڵی ٩٨ی هەتاوی لەحاڵێکدایە کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی پێشتریشدا ٢٤٢ کۆڵبەر و کاسبکاریان دابووە بەر دەستڕێژی چەکەکانیان.
هەر لە پێوەندی لەگەڵ رەفتار و کارنامەی کوردکوژیی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیدا ڕۆژی چوارشەممە ١١ی بەفرانبار لاوێکی خەڵکی گوندی “سیس” سەر بە شاری دێولان لە پارێزگای سنە بە ناوی ”نادر کەریمی“ لەکاتی ڕۆشتن بۆ هەرێمی کوردستان و لەلایەن سپای پاسدارانەوە دراوەتە بەر دەستڕێژ و کوژراوە.
ڕۆژی چوارشەممە ١١ی بەفرانباریش، لە نزیک چۆمی “سۆفی ئاوا”ی شاری “جوانڕۆ” تەرمی یەکیک لە خۆپیشاندەرانی ئەو شارە بە ناوی “هاشم مورادی” دۆزراوەتەوە. بە پێی زانیارییەکان لە کاتی دۆزینەوەی جەستەی بێ گیانی ئەم شارۆمەندە کوردە، جێگای ئەشکەنجە بە ڕوونی بە جەستەیەوە دیار بووە.
ڕۆژی پێنج شەممە ١٩ی بەفرانبار تەرمی “سەردار ئەعەزەمی” خەڵکی بەخشی شاهۆ سەر بە شاری ڕوانسەر لە پارێزگای کرماشان، لە زێدی خۆی ئەسپەردەی خاک کراوە. سەردار ئەعەزەمی ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەزەڵوەر و لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ئێران لە شاری پەرەند سەر بە پارێزگای تاران ون ببوو و لەو کاتەوە هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی ناوبراو لە بەر دەستدا نەبوو. حەوتوویەک دواتریش تەرمی نادر ڕەزایی ئابتاف، خەڵکی کرماشان پاش گیان لەدەستدان لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێراندا ڕۆژی ٨ی بەفرانبار ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و بە خاک سپێردراوە.