چاونیوز: شوانێک لە دەڤەری ورمێ و کۆڵبەرێکیش لە بەرزاییەکانی نەوسوود بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژران و بریندار بوون.
بەپێی هەواڵی چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، ڕۆژی سێ شەممە ١١ی خەزەڵوەری ١٤٠٠، هاونیشتمانییەک بەناوی “وەیسە بادینی” خەڵکی ئاوایی “سۆرکان”ـی سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێڕان لە ناوچەی سنووری ورمێ کوژرا.
ئەو هاونیشتمانییە سەرقاڵی لەوەڕاندنی ڕانەمەڕی خۆی بوو کە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەی لێدەکرێ و دوای بریندار بوونی بە هۆی ئەوەیکە هێزە نیزامییەکان ئیزن نادەن بۆ چارەسەری پزشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە بکرێ لەبەر سەختی برینەکەی هەر لەوێ گیانی لەدەست دەدا.
وەیسە خێزاندارە و خاوەن دوو مناڵە کە سەرجەم ٧٠٠ سەر مەڕەکەشی لەلایەن هێزەکە دەستی بەسەردا گیراوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێک بەناوی “ئەرکان مستەفایی” لە سنووری ناوچەی شووشمێ لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزی نەوسوود تەقەی لێدەکرێ و بە توندی بریندار دەبێ.
ڕەوشی تەندرووستی ئەو هاونیشتمانییە کۆڵبەرە لە نەخۆشخانە جێگیر نییە.