چاونیوز: بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێو خەڵکدا و هەڵەتێگێشتن و دەنگۆی ئەوەیکە خواردنی مەشڕووب پێش بە تووشبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگرێ، خەڵکێکی زۆر ئەلکۆلی دەسکردیان خواردۆتەوە کە بەم هۆیەوە زۆر کەس ژەهراوی بوونە، چاویان کوێر بووە یان گیانیان لەدەست داوە.
“باقر بەهرامی” بەرپرسی ناوەندی ئورژانسی زانکۆی زانستی پزیشکی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاند، تا ئێستا ٢٦ کەس بە هۆی بەکارهێنانی ئەڵکۆڵ بە جێگای مەشڕووب لەو پارێزگایە ژەهراوی بوون.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی خواردنەوەی ئەلکۆل و بەکارهێنانی بە شێوەیەکی خراپ ژەهراوی بوونە گوتی: لە ٢٠ی ڕەشەمەی ٩٨ەوە هەتا ٩ی خاکەلێوە، ٢٦ کەس بەهۆی بەکارهێنان و خواردنەوەی ئەلکۆل ژەهراوی بوونە کە لە نێویاندا ٥ کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە کە ٣ لەوان ژنن و ئەوانی تر پیاون.
جێی ئاماژەیە، زۆرترین ئاماری ژەهراوی بوون لە شاری ورمێ تۆمار کراوە کە تا ئێستا ژمارەیان گەیشتووەتە ١١ کەس.
شایانی باسە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ پێشگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ڤایرۆسە هیچ هەوڵێک نادا و فرۆشیارانی هەلپەرەستی مەشڕووبە ئەلکۆلییەکانیش ویستوویانە لەم ڕێگەیەوە سوودی زیاتر لە مەشرووب فرۆشتن وەدەست بێنن.