چاونیوز/ بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆڕۆناو تەشەنەکردنی بە شارەکانی کوردستانداو مانەوەی خەڵک لە ماڵەکانیان دۆخی ژیانی کرێکاران ڕوو لە خراپ بوونە.
لەم پێوەندییەدا “یوسف عەبدولکەریمی”، نوێنەری ئەنجومەنی سێنفی کرێکاران و خاوەنکارەکان لە شاری سەقز لە نووسراوێکدا باسی لە دۆخی خراپی کرێکاران کردووەو ڕایگەیاندووە، کرێکاران کە بە کرێکاری وەرزی ناسراون و لە یەک ساڵدا تەنیا ٥ بۆ ٦ مانگ دەتوانن کار بکەن و لە مانگەکانی تری ساڵدا دەبێت بە کارەکانی تری وەک دەستفرۆشی، کۆڵبەری و …. خەریک بن، ماوەی ١٢ ساڵە دۆخی کرێکاران بە شێوەیەکە کە هیچ کرێکارێک لە ساڵێکدا نەیتوانیوە ماوەی ٥ مانگ کار بکات و ئێستاش لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆڕۆنا تەواو بێکاربوون.
لە لایەکی تر ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم دۆخە خراپە تەنیا کرێکاران ناگرێتەوە و مەترسی لەسەر بەشێکی زۆر لە چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگە وەک نانەوایان، گۆشتفرۆشان و دوکانداران هەیە.
دەبێ ئەو ڕاستییەش لەبەرچاو بگیرێ کە ئایا نانەواخانەکان، گۆشتفرۆشی و سووپێرمارکێتەکان هەتا کەی دەتوانن لەگەڵ خەڵکێکی بێکار و خانەنشین و بێ پووڵ قەرز بکەن؟ مەگەر ئەوان بۆ خۆیان چەندە توانایی داراییان هەیە؟
ئایا دەوڵەت چ پڕۆژە و بەرنامەیەکی بۆ چینە لاوازەکانی کۆمەڵگە هەیە کە ناتوانن لەم ڕۆژانەدا بچنە سەر کار؟
دەوڵەت ڕایگەیاندووە بەستەی پشتیوانی بە سێ میلیۆن کەس لە خەڵکی ئێران دەدا، لە کاتێکدا تەنیا یەک میلیۆن و دووسەد هەزار کرێکاری بیناسازی لە ئێراندا هەیە، کە ئەگەر هەرکام لەم کەسانە بنەماڵەیەکی سێکەسی بن، ئەوە کۆی ئەوان دەکاتە سێ میلیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس؛ ئایا ئەم بنەماڵانە لەم پشتیوانییە بەشیان دەدرێ؟
هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە کرێکاران لە دۆخێکی نالەباردا ژیان بەسەر دەبەن و ڕێگەی چوونە دەرەوەیان نییە و لەو لاشەوە خاوەنکاران هەڕەشەی دەرکردن لە کارەکانیان لێدەکەن.