چاونیوز: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری بانە بە کۆمەڵ خەڵکیان قۆڵبەست کردووە(چاونیوز ئاماری ١١ کەس بڵاو دەکاتەوە).
بەپێی هەواڵی چاونیوز، دوای بڵاو کردنەوەی هەواڵێک لەسەر ڕەشبگیری لاوان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لەشاری بانە و ئاشکرا کردنی ناوی ٨ کەس لەو قۆڵبەستکراوانە، چاونیوز ناوی سێ کەسی دیکەشی بەدەست گەیوە کە بێ هیچ هۆکارێک گیراون.
سەرچاوەیەک لە بانە بە چاونیوزی ڕاگەیاند، دوای خولقاندنی کەشێکی ئەمنیەتی لە شاری بانە، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەز هەشت هاونیشتمانی بەناوەکانی، شۆرش شووریای، زانکۆ ڕەحمەتی، سەرحەد سالحی، کازم خدری، باقی مەحموودی، رێبووار سووری، ڕەحمان شادانی و هوشیار شەعبانی دەسبەسەر کراون.
هەروەها ئەمڕۆ ناوی سێ کەسی دیکەش بۆ چاونیوز ئاشکرا کراون کە بریتین لە: حوسێن خەمی کوڕی ڕەحیم، محەممەد عەبدوڵڵاهی و ڕەحمان ڕەسووڵی، بە ئاشکرا بوونی ئەم سێ کەسە هەتا ئێستا ناونیشانی ١١ کەس بۆ چاونیوز ئاشکرا بووە کە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنی نەزانراو بەڕێ کراون.
لەلایەکی دیکەشەوە هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەیان لە کۆڵبەرانی دەڤەری بانە کردووە کە، گومانی ئەوە هەیە ئەو کەسانەی فەخریزادەیان کوشتووە لەم سنوورە دەرباز بن هەربۆیە دەبێ وریا بن و تەنانەت بەشێک لە کۆڵبەرانیش دەسبەسەر کراون.