ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران سەبارەت بە سەپاندنی حوکمی ئێعدام بەسەر یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی شاری شنۆ نیگەرانیی خۆی دهربڕی.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگهیاندوه که “دادگای شۆڕش له شاری ورمێ بۆ حەوت کەس لە دەستبەسەر کراوانی شاری شنۆ، سزای قورسی وەک سێدارەی دیاری کردوە”، ئەم ڕێکخراوەیە ناڕەزایەتی و نیگەرانیی سەبارەت بەم حوکمە دەربڕیوە.
جێی باسە کە دادگای شۆڕشی ورمێ بە بڕیارێک “هیدایەت عەبدوڵڵاپوور”ی بە ئێعدام مەحکوم کردوە و سزای ٢٥ ساڵ زیندانی تەعزیری بەسەر حاسڵ عەزیزیدا سەپاندوە. هەروەها محەممەد زاهێر فەرامەرزی بە٢٠ ساڵ زیندان، یاقووب بائیکرام بە ١٥ ساڵ زیندان، جەلال مەسرووری بە ١٥ساڵ زیندان، کەماڵ مەسرووری بە ١١ساڵ زیندان و سدیق بائیکرام بە ١٠ ساڵ زیندان سزا دراون.
ڕۆژی ٢٦ی جۆزەردانی ئەمساڵ ، تێکهەڵچوونێک لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی بنکەی “هەمزە”ی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە گۆندێکی سەر سنووری شاری شنۆ بە ناوی “قەرەسەقەل” ڕووی دا و دادگای شۆڕش له شاری ورمێ ئهو کهسانهی به تۆمهتی هاوکاریکردنی هێزی پێشمهرگه سزا داوە.
شایانی باسە کە هیدایەت عەبدوڵڵاپوور هیچ ڕۆڵێکی لە شەڕی قەرەسەقەڵدا نەبووە، بەڵام دوای ئەوەی پەروەندەی لە دژی دروست کرا، سزای ئێعدامی بەسەردا سەپا.