چاونیوز:
کوردستانیانی هێژا
خەڵکی خۆڕاگری ڕۆژهەڵاتی کوردستان
چالاکانی مەدەنیی کوردستانی داگیرکراو
هەر وەک هەموومان ئاگادارین، ساڵی ڕابردوو “زارا محەمەدی”، خەڵکی شاری سنە و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی ــ کۆمەڵایەتیی نۆژین، بە هۆکاری چالاکییە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی، بە تۆمەتگەلێکی ناڕەوا و بەبێ بەڵگەی یاسای و سەلمێنەر، لەلایەن دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و هەنووکە ماوەی ١٠ ساڵ بەندکردنی بۆ بڕاوەتەوە.
شەوی هەینی لەسەر شەممە، ڕێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی، “زارا محەمەدی” لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆدا لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆی، ڕایگەیاند کە هێزە تیرۆریسییەکانی ئیتڵاعاتی سپای پاسداران ویسوویانە بە زۆرملێ تومەتگەلێکی ناڕەوا بەسەریدا بسەپێنن و واژۆی تاوانێکی نەکراوە بکات و بە ئەستۆی بگرێت، پاش ئەوەی کە ڕەتی کردووەتەوە و کەیسەکەی ڕەوانەی وەزارەتی ئیتلاعات کراوە، پەروەندەکەی دەستکاری کراوە و پێیان ڕاگەیاندووە کە تاوانەکانی “زارا”، کۆڕگرتنی زمانی کوردی، وانەوتنەوەی زمانی کوردی، شیرینی بڵاوکردنەوە لە شەقامەکان بەبۆنەی ڕۆژی زمانی کوردی، یارمەتیگەیاندن بە خەڵکی لافاولێدراوی لوڕستان و بوومەلەرزەلێدراوی کرماشانە.
ناوەندی چوارباخ، وێڕای ئیدانەکردنی ئەو بڕیارەی دادگای ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران کە لەگەڵ هەموو بنەما و یاساکانی مافەکانی مرۆڤدا ناتەبایە، ئەو ١٠ ساڵ بەندکردنە کە بەرانبەرە بە ١٠ ساڵ خزمەتکردنی خاتوو “زارا محەمەدی” بە زمانی شیرینی کوردی و پەرەپێدان و چاندنی تووی فێربوونی زمانی دایکیی منداڵانی کورد، زۆر بە ناڕەوا دەزانێت و بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتیی خۆی لە خاتوو “زارا محەمەدی” و سەرجەم چالاکی دڵسۆزی گەل و نیشتمان دەردەبڕێت.
هەروەها ناوەندی چوارباخ هەوڵ دەدات تاکوو ئەو جێگایەی کە بتوانێت کەیسی “زارا محەمەدی” لە ناوەندە جیهانییەکان زۆرتر بخاتە بەرباس و لەو بارەیەوە لەگەڵ ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و بەتایبەتی ڕێکخراوی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ زۆرتر لە پێوەندیدا بێت.
بژی ئیرادەی خۆڕاگریی “زارا محەمەدی”
دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی چوارباخ
٢٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی