بارودۆخی بەندیخانەی سەقز بۆ زیندانییەکان هەر دێ و ناخۆشتر دەبێ.
زانیارییەکان لە زمان شایەتحاڵ و بەندییە ئازادکراوەکان باس لەوە دەکەن کە هەم لە ڕووی جێو رێ و هەم لە ڕووی ئیمکاناتی پزیشکی و بێهداشتی و هەم لە ڕووی پێڕاگەیشتن و هەڵسوكەوتی کاربەدەستانی زیندان، زیندانی ناوەندیی شاری سەقز کێشەی زۆری هەیە.
بەندیخانەی سەقز 4 بەندی هەیە کە دوویان بچووك و دوویان گەورەن، هەروەها ساڵۆنی وەرزشیی چەند كارە، كتێبخانە و بەناو سینەمایەکی هەیە.
بەندی 1 لە ڕواڵەتدا بۆ قاچاغچیەکانی ماددەی هۆشبەرە، بەڵام لە هەموو جۆرەكانی تێخزێنداروە. بەندی سڵامەت یان بەندی 2 شوێنی تاوانبارانی ماڵی، كوشتن و بەندییە ئەمنیەتییەکانە، بەڵام هەموو جۆرە تاوانبارێكی تێدایە.
لەم بەندیخانەیە لە بواری تەمەنەوە هیچ جیاكردنەوەیەكی بەندییەکان ناکرێ، بۆ نموونە ئەگەر منداڵێكی 15 ساڵە لەسەر هەڵەیەكی بچووک رێی کەوتبێتە زیندان، لە پاڵ تاوانبارێکی بە پێشینەی دەكەن، هەروەها لە بواری جۆری تاوانیشە هیچ جیاکردنەوەیەکی بەندییەکان نەکراوە.
لەو زیندانەدا هەڵسوكەوتی کاربەدەستان و بەندییەوانەکان بە پێی سەلیقەیە بۆ نموونە قانوونی ئاییننامەی ڕێكخراوی زیندانەكانیان بە دڵی زۆیان نووسیوەتەوە و هەر كەسە چۆنی پێی خۆش بوو ئاوای ڕادەدا و بەردەوام لە بیری ئەوەدان كە چۆن بەندییەکان بچەوسێننەوە و ئازارو ئەزیەتیان بدەن. بێڕێزی كردن و سووکایەتی بە بەندكراوان و بنەماڵەكانیان لە شوێنی ملاقات و كالیدۆرەكان بەشێكی دیكە لە تایبەتمەندییەکانی ئەو زیندانەیە.
لە لایەکی دیکەوە بێهداریی زیندان هیچ ئیمكاناتێكی دەرمانی و بێهداشتیی لێ نییە و تەنانەت دوكتورێك بۆ چارەسەریی نەخۆشەكان لەوێ دانانیشێ و ئەوەندەشی داودەرمان لێ نییە كە بەشی هەڵامەت و سەرمابوونێکی سادە بكا و ئەگەر كەسێكیش ئۆڕژانس بێ ئەوە ژیانی لە مەترسیدایە.