چاونیوز:کوشتن و بریندارکرنی ٥٤ کۆڵبەر، گرتنی ١٨٧ کەس و سەپاندنی ٢٧٣ ساڵ زیندان بەسەر ٨٠ بەندیی سیاسیی کورد لە سێ مانگی زستانی ١٣٩٨ دا.
(ڕاپۆرتی بەشێک لە حاڵەتەکانی پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە کوردستان بەهۆی هێزە چەکدارەکان و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سێ مانگی زستانی ١٣٩٨ی هەتاویدا)
لە درێژەی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی دەزگای قەزایی و دامودەزگا سیاسی و ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ماوەی سێ مانگی زستانی ئەمساڵیشدا لانیکەم ٣٢٩ حاڵەتی زبری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ڕووی داوە.
لە کاتێکدا کۆڵبەرکوژی و سەرکوت و کوشتاری خەڵکی کاسبکاری ناوچە سنوورییەکان بەشێکی سەرەکیی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانن، لە ماوەی سێ مانگی زستانی ئەمساڵیشدا هەر نەبێ ٥٤ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون، یان بەهۆی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لە دەست داوە.
بەپێی زانیاری و بەدواداچوونی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو ٥٤ کەسە ١٢ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، تەقینەوەی مین و بەربوونەوە لە بەرزایی کوژراون و گیانیان لە دەست داوە؛ ٤٢ کەسیشیان بریندار بوون.
کوژران و برینداربوونی ٥٤ کۆڵبەر و کاسبکار لە ماوەی سێ مانگی زستانی ئەمساڵدا لە حاڵێک دایە کە لە سێ وەرزی بەهار، هاوین و پاییزی ئەمساڵدا ١٨٦ کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان ببوونە قوربانیی سیاسەتی دوژمنکارانە و کوردکوژیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، بەوەش ژمارەی ئەم کۆڵبەرانەی لە ماوەی ئەمساڵدا بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەقهەڵاتن لە سەرما گیانیان لە دەست داوە و بریندار بوون؛ گەیشتە ٢٤٠ کەس. لەو ٢٤٠ کەسە ٧٣ کەسیان کوژراون و ١٦٧ کەسیش بریندار بوون.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ١١ی بەفرانبار لاوێکی خەڵکی گوندی “سیس” سەر بە شاری دێولان لە پارێزگای سنە بە ناوی ”نادر کەریمی“ لەکاتی ڕۆشتن بۆ هەرێمی کوردستان و لەلایەن سپای پاسدارانەوە دراوەتە بەر دەستڕێژ و کوژراوە.
ڕۆژی چوارشەممە ١١ی بەفرانباریش، لە نزیک چۆمی “سۆفی ئاوا”ی شاری “جوانڕۆ” تەرمی یەکیک لە خۆپیشاندەرانی ئەو شارە بە ناوی “هاشم مورادی” دۆزراوەتەوە. بە پێی زانیارییەکان لە کاتی دۆزینەوەی جەستەی بێ گیانی ئەم شارۆمەندە کوردە، جێگای ئەشکەنجە بە ڕوونی بە جەستەیەوە دیار بووە.
ڕۆژی پێنج شەممە ١٩ی بەفرانبار تەرمی “سەردار ئەعەزەمی” خەڵکی بەخشی شاهۆ سەر بە شاری ڕوانسەر لە پارێزگای کرماشان، لە زێدی خۆی ئەسپەردەی خاک کراوە. سەردار ئەعەزەمی ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەزەڵوەر و لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ئێران لە شاری پەرەند سەر بە پارێزگای تاران ون ببوو و لەو کاتەوە هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی ناوبراو لە بەر دەستدا نەبوو. حەوتوویەک دواتریش تەرمی نادر ڕەزایی ئابتاف، خەڵکی کرماشان پاش گیان لەدەستدان لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێراندا ڕۆژی ٨ی بەفرانبار ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و بە خاک سپێردراوە.
لە ماوەی سێ مانگی زستانی ئەمساڵدا ئەوەندەی سەرچاوەکانی هەواڵ پشتڕاستیان کردووەتەوە و دەستیان بە زانیارییەکان ڕاگەیشتووە، ١٨٧ چالاک و هەڵسووری سیاسی و مەدەنی لە کوردستان بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و لایەنگری لە حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات دەسبەسەر و زیندانی کراون. لەو ١٨٧ کەسە بەشێکیان دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان تا دادگاییکرانیان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراون و ٨٠ کەسیان دوای دادگایی کردن سزای لە ٣ مانگ زیندان تا ١٦ ساڵ بەندکرانیاندا بەسەردا سەپاوە و دوو بەندکراوی کوردیش بە تۆمەتی چالاکی ئەمنیەتی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران حوکمی ئێعدامیان دراوەتێ. ئەو ٨٠ بەندکراوەی کە لە دادگاییکردنێکی ناعادڵانەدا سزای زیندانیان بەسەردا سەپاوە، ٢٧٢ ساڵ و ١٠ مانگ (سەرجەم ٣٢٧٤ مانگ) بەندکرانیان بۆ بڕاوەتەوە.
گرتن و حوکمدرانی ١٨٧ چالاک و هەڵسووری کورد لە وەرزی زستان لە حاڵێکدایە کە لە ٩ مانگی بەهار و هاوین و پاییزیشدا ٦٦٧ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیرابوون و بەو پێیە ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە ماوەی ئەمساڵدا لانیکەم ٨٥٤ کەسیان دەسبەسەر و زیندانی کردوە.
دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی هەر لە ماوەی سێ مانگی زستانی ئەمساڵدا سزای ئێعدامی لەسەر ٨ بەندکراوی کورد جێبەجێ کردوە کە بەشی هەرە زۆریان بە تۆمەتی پێوەندیدار بە کوشتنی بە ئانقەست ئێعدام کراون. جێی باسە دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای ساڵەوە هەتا پاییز لانیکەم ٣٨ بەندکراوی کوردی لە دار دابوو، بەو پێیە ئاماری ئیعدامەکان لە کوردستان لەمساڵدا لانیکەم ٤٦ کەس بووە.
هەر لە ماوەی سێ مانگی زستانی لانیکەم ١٢ کەس بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراون و بریندار بوون کە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی ٥ لەوانی ئاشکرا کردووە. لەو ٥ کەسە کە هەموویان لە پاریزگای کرماشان بوون، سێ کەسیان کوژراون و ٢ کەسیان بریندار بوون. بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەش کە لە سێ وەرزی بەهار، هاوین و پاییزیشدا ١٥ کهسی دیکە له کوردستان بههۆی تهقینهوهی مین کوژراون و بریندار بوون، ژمارەی قوربانیانی مین لەمساڵدا ئەوەندەی ناو و شوناسیان ئاشکرا کراوە ٢٠ کەس بووە؛ بهڵام بە دڵنیاییەوە ئاماری ورد و دهقیقی قوربانیانی تهقینهوهی مین _ بەهۆی ئەوەی ههواڵدهرییه ڕهسمییهکان خۆ له بڵاوکردنهوهیان دهبوێرن یان ناوی قوربانیان ئاشکرا ناکهن_ لهوهنده زیاتره که ناوهندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژههڵاتی کوردستان تۆماری کردوه.
خۆکوژی لە کوردستان دیاردەیەکی خەفەتباری دیکەیە کە بەهۆی بێمافی و هەروەها پەراوێزخرانی کوردستان لەلایەن حکومەتەوە خەسارەکانی لەچاو ناوچەکانی دیکەی ئێران گەلێ زیاترە. ئامارەکانی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە سێ مانگی زستانی ئەمساڵدا ئەوەندەی زاندراوە و بە میدیایی کراوە زیاتر لە ٥٥ کەس لە کوردستان هەوڵی خۆکوژییان داوە کە بە بەداخەوە هەوڵی ٣٦ کەس لەوان سەرکەوتوو بووە کە ١٦ کەسیان ژن و ٢٠ کەسیان پیاو بوون. داتاکانی ناوەندی مافی مرۆڤ پیشان دەدەن کە له ٩ مانگی پاییز، زستان و بەهاریشدا ٢١٧ کهس له کوردستان خۆیان کوشتووە و بەو پێیە ٢٥٣ کەس لهو سهدان کهسهی لەمساڵدا بههۆی جۆراوجۆی وهک ههژاری و کێشهی خێزانی ههوڵی خۆکوژییان داوه، هەولەکانیان بەداخەوە سەرکەوتوو بووە و کۆتاییان به ژیانیان هێناوه.
لە ماوەی سێ مانگی زستانی ئەمساڵدا هەر نەبێ ٩ کرێکاری کورد بوونەتە قوربانیی ڕووداوی کار کە ٧ کەس لەوان گیانیان لەدەست داوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە سێ وەرزی پێشوویتری ساڵیشدا ٤٥ کرێکار ببوونە قوربانیی ڕووداوی کار؛ بەو پێیە ژمارەی ئەو کەسانەی لەمساڵدا بەهۆی ڕووداوی کار لە کوردستان گیانیان لە دەست داوە یان بریندار وبوون، ٥٤ کەس بووە. ئەوە جیا لەوەی سەدان کەسیش بە شێوەی جۆراوجۆر لە کاتی کاردا گیانیان لەدەست داوە، بریندار یان نقوستان بوون و ناوەکانیان ئاشکرا نەکراوە بەردەوامیی گیانلەدەستدان و نقوستانبوونی کرێکاران لە کوردستان بەهۆی ڕووداوی لە حاڵێک دایە کە تەنیا سەدی ١٠ی ئەم كرێكارانەی لە کاتی كاركرندا تووشی رووداوی کار دهبن بیمەن و، سەدی ٩٠ی کرێکاران، به تایبهت کرێکارانی کهرتی بیناسازی لە ژێر چاودێریی هیچ بیمەیهک دانین.
ئەو ئامار و زانیارییانەی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەو بەشەی ئێران بڵاوی کردۆتەوە تەنیا ئەو بەشە لەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە هەواڵ و زانیارییەکان بە ئاشکرا بە میدیایی کراون و لە لایەن سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە ئاماژەیان دراوەتێ، ئەگینا ئەو ناوەندە پێی وایە کە ئاماری ورد و دروستی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان بەهۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر زیاتر لەو ئامارەیە کە ڕاگەیەندراوە.