ڕامیار محەممەدزادە ١٩ ساڵە، لەدایکبووی سەردەشت و دانیشتووی گەڕەکەی کۆنەخانێی شاری پیرانشار، لەلایەن دادگای شۆڕشی مهاباد، بە تۆمەتی “پڕۆپاگەندە دژی نیزام و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دژبەری نیزام”، بە ٣٢ مانگ بەندکرانی تەعزیری حوکم درا.
لەم بارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە چاونیوزی ڕاگەیاند: ئەم هاونیشتمانییە لە ڕەوتی جێژنە نەورۆزییەکان، لەگەڵ دوو هاونیشتمانیی دیکە بە ناوەکانی “محەممەد مشرەوی ئەسڵ” و “موعین حوسێنزادە”، دەسبەسەر کرابوون کە سەرەتاکانی ڕەزبەر لەلایەن لقیی جێبەجێکردنی حوکمەکان بانگ و ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.
ڕامیار محەممەدزادە ڕێکەوتی ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، بە هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵیان، بە شێوەیەکی توندوتیژ دەسبەسەر و دوای نزیکەی دوو مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.