چاونیوز: چالاکێکی سیاسی خەڵکی شاری “مەلەگشای” لەژێر گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکان خۆی هەڵاوەسی.
بەپێی هەواڵی چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، چالاکێکی سیاسی کورد بە ناوی”ئەبولفەزل موقەدەسی” کوڕی محەممەد خەڵکی شاری مەلەگشای سەر بە پارێزگای ئیلام لە ژێر گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ٥ کیلۆمیتری ڕێگای مەلەگشای بۆلای ئیلام کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە چاونیوزی ڕاگەیاند: “ئەبولفەزل موقەدەسی” ناسراو بە “عەبد” دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٣٩٦ لە تاران، لەژێر چاودێری و بەدواداچوونی هێزەکانی ئیتلاعات بوو، هەر بۆیە ناوبراو بە ناچاری ماوەی ساڵێک بە نهێنی ژیا. دوای ئەو ماوەیە لە یەکێک لە شەقامەکانی تاران لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر دەکرێ و بۆ ماوەی ٦ مانگ لە ژێر توندترین ئەشکەنجە و لێپرسینەوە دا دادەبێ.
ئەو سەرچاوەیە گوتی: ئەگەری ئەوەیکە ناوبرا لەو چەند جارەی کە گیراوە و لێپرسینەوەی لێکراوە، بەجۆرێک دە ماددە هۆشبەرەکان گلابێ یەکجار زۆرە، چوونکە بەڕێز موقەدەسی پاش دوامین جار کە ئازاد کرا گیرۆدەی “مۆڕفین” ببوو و لە بواری ڕوحی و دەروونی تێکشکابوو و تووشی کێشە و گرفتی جدی ببوو.
ئەوسەرچاوەیە کە لەبەر هۆکاتی ئەمنییەتی نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکەین لە کۆتاییدا وتی: ئەو چالاکە سیاسییە دوای چەندین جار بانگ کردن و لێپرسینەوە و سووکایەتی پێکردن، هەروەها ئەو هەمووە گوشار و زەختە زۆرەی ڕوحی و ڕەوانی، لەناوچەیەک بەناوی “گەناو” لە دەرەوەی شار خۆی بە دار بەڕوویەک هەڵاوەسی و کۆتایی بەو هەمووە نەهامەتیانەی بەسەر هات، هێنا، تەرمی ناوبراو لەلایەن شوانێک دۆزرایەوە.
ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕەزبەر، لەلایەن خەڵکێکی زۆر لە هاوشاریانی مەلەگشای و خزم و کەسیان لە گۆڕستانی ئەو شارە تەرمی “ئەبولفەزل موقەدەسی” بەخاکی کوردستان سپێردرا.