ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، “پەروین ئەدوایی”، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و لە چالاکانی مافی ژنان، خەڵکی گوندی “سلێن” و دانیشتووی مەریوان، دوای بانگکرانی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە دەسبەسەر کرا.
ناوبراو پێشتریش لە گەلاوێژی ١٣٩٨دا، لەلایەن ئیتلاعاتی مەریوانەوە دەسبەسەر و دوای سێ مانگ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.
پەروین ئەدوایی لەلایەن دادگای شۆڕشی مەریوان بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان” بە پێنج ساڵ بەند حوکم درابوو کە ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ دوو ساڵ کەم کرابووەوە.
ئەم چالاکە مەدەنییە لە ١٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٩دا، دوای تێپەڕاندنی ٦ مانگ لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە، وەبەر لێبووردن کەوت و ئازاد کرا.
هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاونیشتمانییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.