چاونیوز: ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٣٩٩، هەزاران دەروێش لە پێڕەوانی تەریقەتی قادری بۆ بەشداری لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شێخ محەممەد کەسنەزانی، پێشەوای رێبازی قادری کە بەرەو سلێمانی دەچوون، لە لایەن هیزەکانی سنووری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە درانە بەر دەستڕێژی گوللە و لانیکەم ٦ دەروێش بریندار بوون.
یەکێک لە دەروێشانە راگەیاند، ٤ دەروێش لە ئاکامی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران و دوو دەروێشیش بە هۆی کوتان و لێدانی ئەو هێزانەوە بریندار بوون.
ئەو دەروێشە گووتیشی، ناوی دوو کەس لەو دەروێشە بریندارانەی بۆ هەنگاو ئاشکرا کرد کە برێتین لە ” سەرکەوت یەمەنی” و ” فەخرەدین ساڵحی” کە هەردوو خەڵکی مەریوانن.
بە وتەی ناوبراو، هەر چوار دەروێشەکە لاقیان بریندار بووە و سەرکەوت یەمەنی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی سلێمانی و سێ دەروێشی دیکە بۆ ناوەندی چارەسەری لە مەریوان بەڕێ کراون. هەروەها فەخرەدین ساڵحی نەشتەرگەری بۆ کراوە.
شایانی باسە کە شایەتحاڵەکان ژمارەی ئەو دەروێشانەی کە سەرەڕای ئەوەیکە لە لایەن هێزەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە سەرسنوور رێگرییان لێ ئەکردن و دیسانیش هاتنە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، بە پێنج هەزار کەس لە قەڵەم ئەدەن.