لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، حوکمی ١٢ ساڵ بەندكران و دوورخستنەوە بۆ زاهیدانی “وەحید چاوەران”، لە دادگای پێداچوونەوەدا وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.
ئەم هاونیشتمانییەی خەڵکی ئاودانان و لە چالاکانی بزووتنەوەی سەرانسەریی ژینا، کۆتاییەکانی بەفرانباری ١٤٠٢، لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیلام بە سەرۆکایەتیی دادوەر “ڕەجەب محەممەدی”، بە ١٢ ساڵ بەند و دوورخستنەوە بۆ زاهیدان حوکم درابوو. دادگای پێداچوونەوە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی حوکمی پێشتر، جەختی کردەوە کە ماوەی بەندکردن لە زاهیدان و بەبێ ڕەخسانی هاتوچۆ دەبێ تێپەڕێنێت.
ئەم هاونیشتمانییە چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەی لێ کرابوو و هەوڵ درابوو دەسبەسەر بکرێت، کە لە کۆتاییدا ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢، لە کاتی دەرچوون لە ئێران دەسبەسەر کرابوو.
وەحید چاوەران کە چەندین جار بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەمەڕ دۆخی خۆی لە بەندیخانەدا مانی لە خواردن گرتبوو، لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو. بەرپرسانی بەندیخانە بە مەبەستی لەژێر گوشاردانانی ناوبراو، چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەیان قەدەغە کردووە.