چاونیوز: سپای پاسداران لە ناوچەی “داڵانپەڕ”ـی سەر بە ورمێ هەڵیان کوتاوەتە سەر ئاژەڵدارانی ئەو ناوچەیە و لە ئاکامی تەقەکردنی ئەو هێزە سەرکوتکەرانە، ٣ ژن بە سەختی بریندار کراون.
بەپێی هەواڵی چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٠، هێزێکی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، لە ناوچەی “داڵانپەڕ و مەرگەوەڕ”ـی سەر بە شاری ورمێ، هەڵیان کوتاوەتە سەر مەڕداری کوێستانەکانی ئەو ناوچەیە و تەقەیان لە خەڵکەکە کردووە و لە ئاکامی تەقەکردنی هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم، ٣ ژن بەناوەکانی “خەدیجە، مەهناز و تورکیە موسەوی”بە سەختی بریندار بوونە و چەند کەسی دیکەشیان دەسبەسەر کراون.
سەرچاوەیەک بە “چاونیوز”ـی راگەیاند: ئەو هێزانە ویستوویانە مەڕ و ماڵاتی کوێستان چییەکان بدزن، بەڵام هەوارچییەکان ڕێگەیان پێنەداون و هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە هێزەکانی سپا تەقەیان لێ بکەن و لە ئاکامدا ٣ ژنیان بریندارکردووە کە ئێستا لە نەخۆشخانەی “خومەینی” ورمێ ژێر چاوەدێری پزیشکیدان.