چاونیوز: ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی گەلاوێژ، کەسێکی گومانکراو بە لیباسی “سواڵکەر” دەچێتە ماڵی “دارا بەیگزادە” بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە شاری “قەڵادزێ” و لە هاوژینەکەی پرسی دارا بەیگزادەی کردووە و ویستوویەتی چاوی پێ بکەوێ.
لەم بارەیەوە هاوژینی “دارا بێگ زادە” لە قەڵادزێ بە هەواڵنێری “چاونیوز”ی ڕاگەیاندووە: یەکەمجار بەیانیی پێنجشەممە و بۆ جاری دووەم دیسان ئێوارەکەی گەڕاوەتەوە و لە مێردەکەمی پرسیوە بەڵام بە هۆی ئەوەی “دارا” بۆ کاری ڕۆژانە لەماڵ نەبووە، ڕێک نەکەوتووە بیبینێت.
هاوژینی “دارا بەیگزادە” لەدرێژەدا گوتی: کاتێک بۆ جاری دووەم گەڕایەوە بۆ ماڵەکەمان و دەمووچاوی گرتبوو گومانم لێکرد و بە دوایدا چووم بینیم بە ڕواڵەت “سواڵکەرەکە” بە ماشینێکی جام ڕەش خێرا ئەو شوێنەیان جێهێشت.
بەرپرسانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەم ڕووداوەیان بۆ “ئاسایش”ی قەڵادزێ و هێزی “دژە تیرۆر” ی هەرێمی کوردستان ڕاپۆرت کردووە و ئێستا ماڵی “دارا بەیگزادە” لە ژێر چاودێریی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دایە.
جێگای ئاماژەیە کە، ڕۆژی پێنجشەمە ١٤ی گەلاوێژ، “موسا باباخانی” ئەندامی ڕێبەرایەتی حێزبی دێموکراتی کوردستان لە هۆتێلێکی شاری هەولێر تەقەی لێکرا و تیرۆریان کرا.
https://t.me/ikhrc