هه‌یاس کاردۆ
جوانیی تۆپی زه‌وی له ره‌نگاو ره‌نگیی دیمه‌نه‌کانی، له هه‌مه جۆریی سروشته‌که‌ی، له به‌ربڵاویی خاکه‌که‌ی و له فره‌چه‌شنیی خه‌ڵکه‌که‌ی دایه. ئه‌وه‌نده‌ی کلووی به‌فر و تکه‌ی باران و شریخه‌ی هه‌ور جوانی به‌خشن، به هه‌مان ئه‌ندازه تاریکیی شه‌و و مانگی چارده و سووره تاوی هاوینی دڵگیرن. هه‌ر به‌و راده‌یه که شنه‌ی شه‌ماڵ و کزه‌ی زریان و هاژه‌ی رووبار و خوڕه‌ی کانیاو سۆکنایی ده‌به‌خشن، هه‌ر ئاواش جریوه‌ی باڵنده و خشه‌ی مار و هۆڕه‌ی مانگا و باڕه‌ی به‌رخ و حیله‌ی ئه‌سپ سه‌رنج راکێشن. سه‌یر که‌ن چۆن له تاریکه شه‌وی قه‌ترانی دا سوپای ئه‌ستێران خۆ ده‌نوێنن و چاو بڕکێ ده‌که‌ن. ته‌ماشا که‌ن دڵۆپه‌ی باران چۆن وه‌سه‌ر یه‌ک ده‌گه‌رێن، تێکه‌ڵ ده‌بن و جۆبار ساز ده‌که‌ن. ئه‌و جۆبارانه به چ شێوه‌یه‌ک کۆ ده‌بنه‌وه، زیاد ده‌که‌ن و رووبار وه‌ڕێ ده‌خه‌ن. رووباره‌کان له شوێنێک هێدی و له جێگایه‌ک به ته‌وژم رێگا ده‌بڕن و خۆ ده‌خزێننه باوه‌شی ده‌ریا. سه‌رنج بده‌ن له شوێنێک لووتکه‌ی شاخ سه‌ری له هه‌وران داوه و له جێگایه‌ک نزمیی زه‌وی هه‌تا قووڵایی ده‌ریاکان داکشاوه. چاوێک له دنیای ره‌نگاو ره‌نگی گیان له‌به‌ران بکه‌ن که چۆن هه‌ر به‌شه‌ی به ته‌بیعه‌تی خۆی وه‌دیار ده‌که‌وێ و هه‌ر شته‌ی خاوه‌نی ناسنامه و تایبه‌تمه‌ندیی خۆیه‌تی. سروشت به هه‌مووی ئه‌وانه‌وه جوانه و بێ ئه‌وانه مانای نیه.
ئه‌و گیانله‌به‌ره‌ی ناوی ئینسانی له‌سه‌ره به‌شێک له تابڵۆی ئه‌و سروشته ره‌نگاوره‌نگه‌ی پێک هێناوه و له‌راستییدا سه‌رنجراکێشترین لایه‌نی تابڵۆکهشه. ئینسان به‌ته‌نیا بارته‌قای هه‌موو گیان له‌به‌رانی دیکه چێژ له جوانییه‌کانی سروشت وه‌رده‌گرێ و زۆرجار به‌مه‌یلی خۆشی و به‌پێی نیاز دهسکاریشیان ده‌کا. ئینسان بوونه‌وه‌رێکی زۆر سه‌یره. ئه‌و بوونه‌وه‌ره ئه‌وه‌نده‌ی جوانی په‌ره‌ست و سروشت رازێنه‌ر و دنیا خۆشکه‌ره، ئه‌وه‌نده‌ش تێکده‌ر و پیسکه‌ر و هه‌ڵلا سازکه‌ره. ئه‌و بوونه‌وه‌ره له لایه‌ک مێشکی وه‌کار ده‌خا،له هیچ هه‌موو شتێک ساز ده‌کا، شتی کۆن فڕێ ده‌دا و که‌ره‌سه‌ی نوێی له جێ داده‌نێ، کار ئاسانی بۆ ژیان ده‌کا و خۆراکی ته‌یر و توور و ورد و دریشت دابین ده‌کا. له لایه‌کی دیکه هه‌ر بهومێشکه ههڵسووڕهی رزقی گیان له‌به‌ر ده‌بڕێ، ئاوه‌دانی وێران ده‌کا، به‌رزایی ته‌خت ده‌کا و ته‌ختایی ده‌کاته‌وه ته‌پۆڵکه. هه‌ر ئه‌و ئینسانه، جارێک هه‌رچی زه‌خیره‌ی سه‌رتۆپی زه‌وییه ده‌یخاته خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌سلی خۆی و له‌قووڵترین قووڵایی ده‌ریاکان را بگره هه‌تا به‌رزترین لووتکه‌ی شاخه‌کان و ته‌نانه‌ت سه‌رتر له‌وانیش مانگ و ئه‌ستێره‌کانیش داگیر ده‌کا و بۆ خۆشی و به‌خته‌وه‌ریی نه‌سلی خۆی به‌کاریان دێنێ. به‌ڵام هه‌مان ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ی ناوی مرۆڤی له‌سه‌ره راست به‌پێچه‌وانه و ته‌واو بۆ مه‌به‌ستی دژی ئه‌وی دیکه، له هه‌مان ئه‌و که‌ره‌سانه که بۆخۆی له‌سروشت وه‌ری گرتوون بۆ له‌نێو بردنی نه‌سلی خۆی که‌ڵک وه‌رده‌گرێ. سه‌رنج راکێش ئه‌وه‌یه له هه‌ردووکی ئه‌و حاله‌تانه دا توانای ئینسان بۆ که‌ڵک وه‌رگرتن له دروستکراوه‌کانی ده‌ستی ده‌گاته ئه‌وپه‌ڕی خۆی.
رازێک که له‌پشتی به‌به‌زه‌یی ئینسان له‌لایه‌ک و درندهییهکهی له‌لایه‌کی دیکه‌وه خۆی حه‌شار داوه نه‌ناسراوه. هه‌تا ئێستاش روون نه‌بۆته‌وه که ئینسان چۆن ده‌توانێ له‌و جێگایه دا که‌پێویسته هه‌تا ئه‌وجی دڵ ئاوه‌ڵایی و خۆبه‌خشی ده‌چێته پێش و جاری واشه لهدڵرهقی و بێ به‌زه‌یی و ماڵ وێرانکهریدا هه‌موو سنوورێک ده‌به‌زێنێ. زۆر سه‌یره، که‌سێک چ ژن چ پیاو جاری وایه دوو ته‌بیات و دوو ئه‌خلاق و دوو سروشتی ته‌واو لێک جیاوزی هه‌یه. یانی له کاتێک دا به‌خشه‌نده و یارمه‌تیده‌ر و به به‌زه‌یه، له هه‌مان کات دا داگیر که‌ر و ماڵ وه‌سه‌ر یه‌ک نهر و دڵ ره‌قه. ئه‌وه سروشتی ئینسانه و جارێ روون نه‌بۆته‌وه که ئه‌و دووگانهگییه له چیه‌وه سه‌رچاه ده‌گرێ. ره‌نگه سه‌یر بێته به‌ر چاو که خوێنرێژێکی وه‌ک سه‌دام حوسه‌ین که ده‌ستووری کوشتنی ده‌سته ده‌سته‌ی ئینسانه‌کانی ده‌دا، منداڵی خۆش ویستبێ، به‌ڵام ئه‌وه راست بوو. ئێستا با بچینه سه‌ر به‌شێکی دیکه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئینسان:
ده‌ڵێن له شه‌ڕ دا هه‌ڵوا دابه‌ش ناکرێ. ئه‌وه شتێکی راسته. واته کاتێک شه‌ڕ – جا به هه‌ر مه‌به‌ستێک – له نێوان دوو که‌س، دوو لایه‌ن یان دوو ده‌وڵه‌ت دا روو ده‌دا هه‌ر لایه‌نه‌ی به حه‌قی خۆی ده‌زانێ له هه‌موو ئیمکانات و تواناکانی خۆی بۆ به‌چۆک داهێنانی لایه‌نی به‌رامبه‌ر که‌ڵک وه‌رگرێ. لێره‌ش دا سروشت و تایبه‌تمه‌ندییه جیاوازه‌کانی ئینسان به روونی خۆ ده‌رده‌خه‌ن. جاری وایه ئینساف و به‌زه و تهئههود رێگا به‌لایه‌نێک نادا ده‌ست بۆ هه‌موو که‌ره‌سه‌یه‌کی له نێو بردن به‌رێ و هه‌ر بۆیه له‌کاتی بڕیاڕی نیزامی دا هه‌موو لایه‌نه ئینسانییه‌کانی مه‌سه‌له‌که لێک ده‌داته‌وه. ئه‌و جۆره که‌س و لایه‌نانه پێیان وایه بۆ گه‌یه‌شتن به هه‌ده‌فی مه‌قه‌ده‌س نابێ له‌که‌ره‌سه‌ی ناموقه‌ده‌س که‌ڵک وه‌ربگیرێ. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ نموونه‌ی ئه‌و جۆره لایه‌نانه له شه‌ڕی رووبه‌روو دا باس بکه‌ین، ره‌نگه بتوانین قامک له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رانی بزووتنه‌وه ئازادیخوازانه‌کانی گه‌لانی بن ده‌ست دابنێین که بۆگه‌یشتن به‌ئازادی و سه‌ربه‌ستی خه‌ریکی خه‌بات و تێکۆشانن. دروشمی خه‌باتکارانی رێی ئازادی ئه‌وه‌یه که: زۆر هاسانه له پێناو ژیانی بهخهتهوهرانه دا بمری، به‌ڵام زۆر زه‌حمه‌ته په‌نا بۆ وه‌سیله‌ی ناموقه‌ده‌س له پێناو گه‌یشتن به ئامانجه‌کانت دا به‌ری. له‌لایه‌کی دیکه بۆچوونی وا هه‌یه که ده‌ڵێ هه‌ده‌ف وه‌سیله ته‌وجیه ده‌کا. ئه‌وه به‌و مانایه که لایه‌نێک بۆ گه‌یشتن به‌و ههدهفانهی که له‌پێش خۆی داناون له‌هه‌ر که‌ره‌سه و ئامرازێکی مومکین که‌ڵک وه‌رده‌گرێ. تراژێدیی ئینسانییش راست ئه‌و کاتانه روو ده‌ده‌ن که سنوورێک بۆ که‌ڵک وه‌رگرتن له وه‌سیله‌ی له‌نێو بردن نه‌ناسرێ. له نێو ئه‌و که‌س و لایه‌نانه دا که زیاتر په‌نا بۆ که‌ڵک وه‌رگرتنی بێ سنوور له وه‌سیله‌ی ئاوا ده‌به‌ن هێز و ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ر و په‌لامارده‌ره‌کان ده‌بینرێن که له‌پێناو مانه‌وه‌ی خۆیان دا ده‌ست بۆ هه‌ر کارێکی ناشایست ده‌به‌ن و له‌که‌ڵک وه‌رگرتن له وه‌سیله‌ی ناموقهدهسیش هیچ دوودڵییه‌ک له خۆیان نیشان ناده‌ن.
غه‌دری به‌شه‌ر له هاونه‌وعی خۆی هه‌ر ئه‌وه نیه که لایه‌نێکی شه‌ڕ ده‌ست بۆ وه‌سیله‌ی پڕ مه‌ترسی به دژی لایه‌نی به‌رامبه‌ری ده‌با. چونکه ئه‌و غه‌دره ره‌نگه به‌وه پاساو بدرێ که له شه‌ڕدا هه‌ڵوا دابه‌ش ناکرێ. واته دوو ته‌ره‌ف بۆ به‌چۆک داهێنانی یه‌کتر له‌کاریگه‌رترین وه‌سیله‌ی مومکین که‌ڵک وه‌رده‌گرن. به‌ڵام لایه‌نی هه‌ره دزێو و دژی ئینسانی و بێ به‌زه‌ییانه‌ی ئه‌و جۆرهکردهوانه ئه‌و کاتانه خۆ نیشان ده‌ده‌ن که کۆمه‌ڵه خه‌ڵکێک به‌پانه‌وه وه‌به‌ر په‌لامار ده‌که‌ون و بێ جیاوازی قڕ ده‌کرێن. له‌وه‌ش ناخۆشتر و جه‌رگبڕتر ئه‌وه‌یه که په‌لاماره‌که به‌که‌ره‌سه‌ی زۆر نائاسایی به‌ڕیوه بچێ و له که‌مترین کاتی مومکین دا زیاترین ژماره‌ی قوربانی لێ بکه‌وێته‌وه. کاره‌ساتی شیمیا باران کردنی خه‌ڵکی سه‌رده‌شت له‌و رووداوانه‌ی مێژووی به‌شه‌رییه‌ته که بێ به‌زه‌ییانه‌ترین بڕیاری بۆ دراوه و له پڕمه‌ترسیترین وه‌سیله‌ی قڕ کردن که‌ڵک وه‌رگیراوه و بێ به‌شترین و بێ دیفاعترین کۆمه‌ڵه خه‌ڵکی پێ له‌نێو براوه. لێره‌دایه که لووتکه‌ی دڵره‌قی و بێ به‌زه‌یی و بێ ئینسافیی ئینسان وه‌دیار ده‌که‌وێ. ئه‌وه ئه‌و لایه‌نه نه‌ناسراوه‌ی سروشتی به‌شه‌ره که پیش‌تر باسم کرد.
پێم سه‌یره زۆر جار به کرده‌وه‌ی بێره‌حمانه و پڕ له‌توندو تیژی ده‌گوترێ کرده‌وه‌ی غه‌یره ئینسانی، یان حه‌یوانی، یان وه‌حشیانه. من ئه‌وه به راست نازانم. له مێژه روون بۆته‌وه که هیچ گیانله‌به‌رێکی کێوی، ئاوی، جه‌نگه‌ڵی یان هیچ باڵدارێکی ئاسمانی به قه‌ت ئینسان و وه‌ک ئینسان لهبێڕهحمی نواندن دا ده‌ستی نیه. ئه‌وه زۆر هه‌ڵده‌که‌وێ که دڕنده‌یه‌کی به‌هێز په‌لاماری گیانله‌به‌رێکی لاوزاتر له خۆی بدا و بیکاته پارووی جه‌مه خواردنێکی. به‌ڵام ئه‌وه له لایه‌ک رازی به‌قایه چونکه ته‌نیا رێگای مانه‌وه‌ی ئه‌و حه‌یوانه خواردنی حه‌یوانی دیکه‌یه. له‌لایه‌کی دیکه‌ش قه‌ت دڕنده‌یه‌ک ناتوانێ یان ناخوازێ به یه‌ک جار ره‌وه‌یه‌ک گیانله‌به‌ری دیکه به‌سه‌ر یه‌که‌وه قڕ بکا. به‌ڵام که دهکردهوهی ئینسان ده‌فکرین و چاو له ئاکامه‌کانی ده‌که‌ین ده‌بینین جیاوازیی دڵڕه‌قی و بێ به‌زه‌یی ئینسان و غه‌یری ئینسان عه‌رز هه‌تا ئاسمانه. هه‌ر بۆیه رێگام بده‌ن که به‌شی ئینسان له‌کۆی دڵڕهقییهکان، تاڵانچیهتییهکان، خوێن رشتنهکان، وێران کردنه‌کان، سووتان و کاول کردنه‌کان، کوشت و بڕه‌کان و به‌گشتی خراپه کارییه‌کانی سه‌ر گۆی زه‌وی له سهرهووی باقی گیانله‌به‌رانی دیکه دابنێم.
ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه به یه‌که‌وه دیمه‌نی کرده‌وه‌یه‌ک وه‌بیر بێنینه‌وه که به‌ده‌ستی ئینسان و به‌دژی ئینسان به‌ڕێوه چوه. بیر له‌و چرکه‌ساته بکه‌نه‌وه که زاڵمێک، دیکتاتۆڕێک، خوێنرێژێک ، یان بوونه‌وه‌رێک که‌ناوی ئینسانی له‌سه‌ره کۆمه‌ڵێک ده‌ست و پێوه‌ند و فه‌رمانده و به‌ڕیوه‌به‌ری کۆ کردوونه‌ته‌وه و داوایان لێ ده‌کا پلانی به‌تاڵ کردنی ئه‌و بۆمبه پڕ له‌گازی ژاراوییانه دابڕێژن و له شوێنێک تاقییان که‌نه‌وه. گرینگیی ئه‌و بڕیار و داوایه له‌وه دایه که هه‌م راده‌ی کاریگه‌ریی گازه‌که به‌جوانی ده‌رکه‌وێ و هه‌م له‌سه‌ر کسانێک تاقی کرێته‌وه که زاڵم به دژی خۆیان ده‌زانێ. دوای ماوه‌یه‌ک چه‌ند فرۆکه‌ی شه‌رکه‌ر له ئاسمان وه‌دیار ده‌که‌ون، تیژ ده‌رۆن و شار و گوندان جێ دێڵن، ورده ورده له شوێنی جێ مه‌به‌ست نیزیک ده‌بنه‌وه، خوار و پێچه‌ی ده‌که‌ن و به‌ره‌و نوخته‌ی دیاریکراو دادهگهڕێنه خوارێ. له سه‌رێرا کۆمه‌ڵه ماڵ و بینا و بازار و چه‌ند شه‌قامێک وه‌دیار ده‌که‌ون که له داوێنی ریزه گردێکی سه‌رسه‌وز دا هه‌ڵ که‌وتوون. شار پشتی به شاخ و به بهرزگیدا رووبارێک وه‌ک مار خواروپێچهی داوه‌تێ و به‌ره‌و خوار ده‌خوشێ. له نێو شار دا هه‌موو شتێک ئاسایی دێته به‌ر چاو. دووکان و بازار کراوه‌یه و خه‌ڵک خه‌ریکی سه‌ودا و کڕین و فرۆشتنن. تاق و لۆق ماشێن له سه‌ر شه‌قامه‌کان له هات و چۆ دان. به هۆی تهعتییلیی قوتابخانه‌کان کووچه و کۆڵان پڕن له منداڵ و هه‌مووی خه‌ریکی یاری و گه‌مه‌ن. ژنان به کاری به‌رده‌وامی ماڵ و منداڵه‌وه خه‌ریکن و چاوه‌ڕێی هاتنه‌وه‌ی مێرد و کوڕ و براکانیان ده‌که‌ن. ئاسمان ساوه و کزه‌ی بایه‌کی نه‌رم له گه‌رمیی سووره تاوی هاوینی که‌م ده‌کاته‌وه. کوێره‌وه‌ریی رۆژانه ئاگای له خه‌ڵک بڕیوه و هه‌ر بۆیه هاتنی فرۆکه بۆمب هاوێژه‌کان زۆر هه‌ست پێ ناکرێ. له سه‌ره‌وه به‌ڵام کار ته‌واوه. ده‌ستوور پیش‌تر سادر کراوه. بۆمبی پڕله گازی ژاراوی به به‌رزگی فرۆکه‌وه هه‌ڵاواسراوه. فرۆکه‌وان قامکی له سه‌ر دوگمه‌ی فشاره و هه‌ر بینا چه‌ند گۆزه‌ی زۆر گه‌وره‌ی ئاسنین که ناوی بۆمبیان له سه‌ره فرێ درانه خواره‌وه. ئێستا کاتی داگرتنی دوگمه‌ی فشاره. فرۆکه‌وان سێ و دووی لێ ناکا. دوگمه فشار ده‌درێ و بۆمب به‌رده‌بنه‌وه. پاش ته‌نیا چه‌ند چرکه، فرۆکه دوور دهکهوونهوه و له خواره‌وه له سه‌ر شار، له نێو بازاڕ، له نیو ژن و منداڵ و پیر و لاو دووکه‌ڵێکی سپی ره‌نگی خه‌ستی نائاسایی به‌رز ده‌بێته‌وه. ئه‌وه و ئیتر هیچ. ئه‌وه و ئیتر هه‌موو شتێک. هه‌ر پێست بوو ده‌سووتا و سوور هه‌ڵ ده‌گه‌را. هه‌ر گه‌روو بوو وهقرخه ده‌که‌وت و ده‌به‌سترا. هه‌ر چاو بوو وێک ده‌که‌وت و له بینایی بێ به‌ش ده‌کرا. هه‌ر نه‌فه‌س بوو له قووڵایی سینگ دا قه‌تیس ده‌ما و دهخنکێندرا. هه‌ر منداڵ بوو ده‌که‌وته سه‌ر هه‌رد و هه‌ر دایک بوو منداڵ له باوه‌ش دا بێ هه‌ناسه ده‌کرا. هه‌ر ئاه بوو به‌رز ده‌بۆوه و هه‌ر هاوار بوو له گه‌روودا ده‌مایه‌وه. هه‌ر گیان بوو ده‌به‌خشرا و و هه‌ر جه‌سته‌ی رۆڵه کورد بوو سوور و شین هه‌ڵده‌گه‌ڕا. ئه‌وه و ئیتر هیچ…
ئه‌وه ئه‌و رۆژه بوو که به بڕیاری نه‌سلی به‌شه‌ر و به که‌ره‌سه‌ی دروست کراوی ده‌ستی مرۆڤ، نه‌سلی ئینسان له‌خاک و خۆڵ وهردهدرا و بێ گیان ده‌کرا. ئه‌وه کاره‌ساتی شیمیا باران کردنی خه‌ڵکی سه‌رده‌شت بوو. ئه‌وه یه‌که‌م تاقی کردنه‌وه‌ی ئه‌و گازه بوو که نه‌سلی به‌شه‌ر بۆ نابوودیی هاو نه‌وعی خۆی پێویستی پێی هه‌بوو. سه‌رده‌شت یه‌که‌م تاقیگای ئه‌و ژاره و خه‌ڵکی سه‌رده‌شتیش یه‌که‌م قوربانیانی ئه‌و تاقیکردنه‌وه‌یه بوون.
چاوم لێتانه
دڵم ده‌گه‌ڵتانه
مێشکم ئاگای لێتانه و
ویژدانم مهعزووبی عهزابتانه
ئه‌ی سه‌رده‌شتییه ناز لێشێواوه به گاز خنکێنراوه‌کان
شارتان بوو به یه‌که‌م سه‌کۆی شانۆی مه‌رگ و
بۆ خۆشتان سه‌مای نه‌فه‌س بڕانتان له‌سه‌ر ساز کرد.
ده بخه‌ون, خه‌وتان خۆش
چونکه ژیان به‌ڕێوه‌یه.
هه‌یاس کاردۆ – ئوستڕالیا