چاونیوز/ لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆڕۆنا بە شارەکانی کوردستان و تەشەنەکردنی بە شێوەیەکی خێرا، خەڵکێکی زۆر تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش ژمارەی تووشبووان بەو ڤایرۆسە و ئەو کەسانەی گیان لەدەست دەدەن لە زیادبووندایە.
لەم پێوەندییەدا بێخەمی دەسەڵات، کەمی پێداویستییەکانی چارەسەری ئەم نەخۆشییە و هەروەها کەمی پزیشک و کادری دەرمانی و کەلوپەلەکانی پیشگرتن لەو نەخۆشییە نیگەرانییەکی زۆری لای خەڵک دروست کردووە.
بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ وەک دەگوترێ لە بەشێک لە نەخۆشخانەکان بەهۆی کەمی پێداویستییە تەندروستییەکان زۆرێک لە نەخۆشەکان بێ ئەوەی چارەسەری تەواویان بۆ کرابێت لە نەخۆشخانە مەرەخەس دەکرێن.
لە لایەکی تریشەوە پێداویستییەکانی وەک جلوبەرگی تایبەت و دەمامک بۆ نەخۆشەکان و تەنانەت بۆ پەرستارەکانیش بە پێی پێویست نییە و بەشی زۆری پەرستارەکان بە کەڵک وەرگرتن لە قوماش و نایلۆن خەریکی دروستکردنی ئەم پێداویستییانەن.
لە لایەکی تریشەوە بێخەمی دەسەڵاتیش گەیشتووەتە ئاستێک کە هیچ دەرمانێکی پێویست، دەمامک و خزمەتگوزاری پزیشکی بۆ پەرستارەکان دابین ناکات.
بۆیە لەم پێوەندەییەدا پەرستاران و پزیشکان لە شارەکانی کوردستان داوا لە خەڵک دەکەن کە لە ماڵەکانیان بمێننەوەو هاوکاریان بن چونکە توانای ناوەندە دەرمانییەکانی کوردستان لەو ئاستەدا نییە کە بتوانێ ڕووبەڕووی تەشەنەسەندنی بەربڵاوی ئەو ڤایرۆسە ببێتەوە.
هەروەها لە لایەکی تر داوایان لە کەسانی سەرمایەدار وبازرگانانی شارەکان کردووە کە بە پێی پێویست هاوکاری ماڵی ئەو ناوەندە دەرمانیانە بن و کەلوپەلی پێویست بۆ نەخۆشخانەکان دابین بکەن.
شایانی باسە لە کاتی ڕوودانی هەر کارەسات و بەڵایەک لە ئێران و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوە تەنیا خەڵک خۆیانن کە دەبێ بەخەم هەموو کێشە و گرفتەکانەوە بن و هەوڵ بدەن خۆیان کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکەن، لە کاتێکدا لە هەموو وڵاتانی جیهاندا ئەمە ئەرکی حکومەتە کە لە ئەگەری ڕوودانی هەر کارەساتێکدا بە فریای خەڵک بچێت و گرفتەکانیان بۆ چارەسەر بکات. شەونم هەمزەیی، *کوردستان و کورد