چاونیوز: پێشنوێژی ڕۆژانی هەینیی شاری مەهاباد لە دانپێدانانێکدا ڕایگەیاندووە کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا پتر لە هەزار قوتابی لە شارستانی مەهاباد وازیان لە خوێندن هێناوە.
ڕۆژی هەینی ١٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، عەبدولسەلام ئیمامی، پێشنوێژی ڕۆژانی هەینیی شاری مەهاباد لە دانپێدانانێکدا ڕایگەیاند کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، پتر لە هەزار قوتابی لە شارستانی مەهاباد وازیان لە خوێندن هێناوە.
پێشتریش “ئەنوەر ڕەسووڵیان” جێگری بەرپرسیی پەروەردەوبارهێنانی ئەو شارە ڕایگەیاندبوو: بەپێی ئامارەکان لە قۆناغی سەرەتایی ٢٣ قوتابی، ناوەندیی یەکەم ٤٣ قوتابی و لە ناوەندیی دووهەم ٧٤٠ قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە.
هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە: لە پۆلی نۆهەم ٣٨ قوتابی کچ و ١٦٠ کوڕ، لە پۆلی دەهەم ١٢١ قوتابی کچ و ١٥٢ کوڕ هەروەها لە پۆلی یازدەهەم ١٤٨ قوتابی کچ و ١٢١ قوتابی کوڕ وازیان لە خوێندن هێناوە.
ڕەسووڵیان ئەوەشی زیاد کردووە کە، لە قۆناغی ناوەندی یەکەم ١٢ کچ و ٣١ قوتابی کوڕ و لە سەرەتاییش ١٢ کچ و ١١ کوڕ وازیان هێناوە.
جێی ئاماژەیە کە لە شارستانی مەهاباد ٤٨ هەزار قوتابی بوونی هەیە و لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا و دوای تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنا، خوێندن زیاتر بە شێوەی ئانڵاین بەڕێوەچووە؛ بەڵام بەهۆی نەداری و هەژاریی بەشێک لە بنەماڵەکان و نەبوونی ئیمکان و دەرفەتی دابینکردنی مۆبایلی زیرەک بۆ منداڵانیان، پتر لە هەزار قوتابی لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا لە شارستانی مەهاباد بە ناچاری و لە ڕووی هەژارییەوە وازیان لە خوێندن هێناوە.