چاونیوز: ڕۆژی سێشەممە ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢، مناڵێکی تەمەن ١٥ ساڵانە بەناوی “بەرزین حەمزەزادە” خەڵکی سەردەشت دوای لێدان و ئەشکەنجە لە کاتی گیرانیی، بەهۆی کاریگەرییەکانی گیانی لەدەست دا.
لەم پێوەندییەدا سەرچاوەیەک بە #چاونیوز ی راگەیاند: ئەو مێرمناڵە بەر لەوەی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر بکرێ، لەبواری ساغی و سەلامەتی لەوپەڕی باشی دابوو و هیچ جۆرە نەخۆشییەکەی نەبوو، بەلام بەهۆی ئەشکەنجە لە کاتی گرتنیی دا و بەهۆی گوشارە دەروونی و جەستەییەکانی دوای ئازاد کرانی چەندین جار هۆشی لەخۆی دەچوو و تووشی زۆر نەخۆشی وەک تێکچوونی گورچیلەکانی ببوو.
ئەو مێرمناڵە لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و دوای ٧ ڕۆژ لێدان و ئەشکەنجە و ئازار ئازاد کرابوو.
بەرزین حەمزەزادە دوای ١٣ مانگ بەهۆی تێکچوونی کردەی فیزیۆلۆژی لە نەخۆشخانەیەکی ورمێ گیانی لەدەست دا.
هێزە ئەمنییەتییەکان، ئومید حەمزەزادە باوکی بەرزینیان بانگ کردووە و هەڕەشەی ئەوەیان لێکردووە کە نابێ ئەو هەواڵە بە میدیایی بکرێ.