شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ماوەی مەئمورییەتی عا سمە جهانگیری وەک ڕاپۆرتنێری تایبەتیی مافی مرۆڤ لە ئێرانی بۆ ماوەی ساڵێکی دی درێژ کردەوە.
ڕەشنووسی ئەو بڕیارنامەیە ئەمڕۆ هەینی، 4ی خاکەلێوە بە 22 دەنگی “بەڵێ”، 13 دەنگی “بێلایەن” و 12 دەنگی “نا” پەسند کرا. نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای پەسەندکرانی ئەو بڕیارنامەیە گوتی کە ئەوە بڕیارێکی سیاسی و لاگیری لە دژی ئێران بووە.
لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەری ئاڵمان بە نوێنەرایەتیی یەکیەتیی ئورووپا پشتیوانیی خۆی لە بەردەوامی مەئمورییەت و کاری ڕاپۆرتنێری شوڕای مافی مرۆڤ بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران دەربڕی؛ نوێنەری بریتانیاش بە ئاماژە بە پێشێلکردنی بەردەوامی مافی مرۆڤ لە ئێران بوونی ڕاپۆرتنێرێکی تایبەت بە بوارەی بە کارێکی پێویست ناو برد. لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی وڵاتانی کوبا، عێڕاق و ڤێنزۆلا پشتیوانییان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و لە دژی ئەو بڕیارنامەیە وەستانەوە.
بەر لە کۆبوونەوەی شووڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان 41 ڕێکخراوی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوای درێژکردنەوەی ماوەی مەئمورییەت و بەرپرسایەتیی ڕاپۆرتنێری تایبەتیی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێرانیان کردبوو.
خاتوو عاسمە جەهانگیر ساڵی ڕابردوو جێگای ئەحمەد شەهید، ڕاپۆرتنێری تایبەتیی مافی مرۆڤ بۆ کاروباری ئێرانی گرتەوە و لە یەکەم ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاند کە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران هیچ باشتر لە جاران نەبوە و پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ئێران بەهۆی کۆماری ئیسلامی درێژەی هەیە.