ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاویی، مامۆستا عیسا ئازەری پێشنوێژی گوندی “کوڕانە”ی ناوچەی سۆمای برادۆست لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و دوای ئەشکەنجە و ئازار ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان، مامۆستا عیسا ئازەری لە کاتێکدا دەسبەسەر کرا کە باسی مێژووی ئەهلی سوننەی دەکرد، ناوبراو ڕەخنەی لە حکوومەت گرت کە هێندێک بابەتی شەرعی و مێژووی سوننە بە پێچەوانەوە بۆ خەڵک باس دەکەن.
لەگەڵ ئەوەی کە بنەماڵەکەی سەردانی دەزگا ئەمنییەکانیان کردووە بەڵام تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی ئەو مامۆستایە لەبەر دەستدا نییە.
گرتن و دەسبەسەرکردنی مامۆستایان و کەسانی دیاری ئەهلی سووننە لە شارەکانی کوردستان بەردەوامە و دەیان کەسیان گیراون و دەسبەسەر کراون.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی قەیرانە جۆراوجۆرەکانەوە ترسی لێنیشتوە و لەگەڵ ئەوەی کە ڕێژیمەکە ڕێژیمێکی دینی و ئیسلامییە، بەڵام باوەڕیان بە کەسانی ئایینیش نەماوە و هەر ڕۆژە بە بیانوویەک ئەوانیش دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەکان دەکرێن، لێکۆڵینەوەیان لێدەکەن و بە تۆمەتی داتاشراو حوکمی بەند کردنیان بە سەردا دەسەپێنن.