کاسبکارێکی کورد لەناوچە سنوورییەکانی سەلاسی باوەجانی کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و کوژرا.
ئەو کاسبکارە کوردە کە “محەممەد باقر قەیتوولیزادە”ی ناوە، خەڵكی گوندی بەدرە بووە و ڕۆژی دووشەممە، 16ی گەلاوێژ لە نیزیک گوندی تازاوای سەلاسی باوەجانی تەقەی لێکراوە و کوشتوویانە.
کوژرانی ئەو کاسبکارەی ناوچەی سەلاسی باوەجانی لە حاڵێک دایە کە لە هەر لەو حەوتوویەدا سێ کۆڵبەر و کاسبکاری دیکەی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی پیرانشار و بانە کوژران و چەند کەسێکیش بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە 60 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون.