لە حەوتووی رابردوودا و لە ماوەی کەمتر لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا ١٢ کۆڵبەری کورد بوون بە قوربانی و بە تەقەی هێزەکانی رژیم گیانیان لە دەست داوە و بریندار بوون.
ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی سەماوەز بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەچەکدارەکانی ڕێژیم لە کۆڵبەر و کاسبکارانی سەر سنوور، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ بە ناوی “عەبدولقادر ساڵەحیان” کوڕی جەمیل کە خاوەنی ژن و مناڵە گیانی لە دەستداوەو تەرمەکەی گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی “نەبی ئەکرەم”ی شنۆ.
ئەم کاسبکارە کوردە چەند رۆژ پێشتر واتە ١٠ی سەرماوەز بە تەقەی هێزەکانی رژیم گیانی لە دەستداوە، بەڵام پاش ٤ رۆژ واتە رۆژی ١٤ی سەرماوەز تەرمەکەی دۆزراوتەوە.
هەر لەم پەیوەندەدا رۆژی سێشەممە، ١٣ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی “جەعفەر مونیر”، تەمەن ٢٨ ساڵ، کوڕی سەید ئەحمەد خەڵکی سەردەشت، هاوکات لە گەڵ گرووپێک لە کۆڵبەرانی دیکه، لە سەر خاڵی سیفری سنووری ئەم شارە لە لایەن هێزە نیزامییە حکوومەتییەکانەوە تەقەیان لێکراوە و لە ئاکامدا لاقی بریندار بووە.
هەروەها لە هەمان رۆژ، واتە لە رۆژی سێ شەممە ١٣ی سەرماوەزا لە سنوورەکانی سەردەشت کۆڵبەرێکیتر بە ناوی “خالید سەلیمی” تەمەن ٢٣ ساڵ بریندار بووەو دوای برینداربوون گەیەندراوتە نەخۆشخانە.
هەر لەم رۆژەدا و لە سنووری سەردەشت کۆڵبەرێک بە ناوی “عادل شافعی” بە تەقەی هێزەچەکدارەکانی رژیم لە سنووری سەردەشت بریندار بووە. هەر هەمان رۆژ، واتە لە ١٣ی سەرماوەزدا لە سنووری کانی خوا، لە پیرانشار کۆڵبەرێک بە ناوی “شاهین محەممەدی” بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی رژیم برینداربووەو بە برینداری گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.
رۆژی هەینی ٩ی سەرماوەز چەکدارەکانی رژیم لە سنووری دڵاوانی سەر بە شاری پیرانشار تەقەیان لە ژمارەیەک لە کۆڵبەرەکان کردووە بە داخەوە بە هۆی تەقەی هێزەچەکدارەکانی رژیمەوە لەو سنوورە، کۆڵبەرێک خەڵکی گوندی دایماوە، سەر بە نەغەدە بە ناوی محەممەد عەباسی کوڕی عەبدوڵڵا گیانی لە دەست داوە.
لە ڕووداوێکی دیکەدا ڕۆژی هەینی، ٩ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی “جبرەئیل ئەحمەدی” خەڵکی ناوچەی سۆمای ورمێ لە ئاکامی تەقەی هێزە ئینتیزامییەکاندا له ڕێگای گەیشتن به هەشتیان ، شانی بریندار بووە.
هەر لەم پەیوەندەدا رۆژی پێنج شەممە ٨ی سەرماوەز لە سنووری بانە کۆڵبەرێک بە ناوی “هادی سەلیمی” تەمەن ٣٠ ساڵ بە تەقەی هێزەکانی رژیم گیانی لە دەستدا و ٢ کۆڵبەریتر کە ناسنامەی یەکیان بە “یادگار سەلیمی” کوڕەمامی هادی سەلیمی ئاشکرا کراوە، بریندار بووە.
هەر لەم رۆژەدا لە سنووری بانە کۆڵبەرێکیتر بە ناوی”سەعدوڵڵا شەریف زادە” ٢١ ساڵ تەمەن بە هۆی بەربوونەوە لە شاخ بە سەختی بریندار بوو بە برینداری گەیەندرایە نەخۆشخانەی بانە بە مەبەستی چاودێری پزیشکی.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە، ٨ی سەرماوەز، گرووپێک لە کۆڵبەرە کوردەکان لە سنووری پیرانشار کەوتوونەتە کەمینی هێزە حکوومەتییەکانی ئێران و بە هۆی تەقەی ئەو هێزانەوە، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی “شەریف مەحبووب”، تەمەن ٣٢ ساڵ کوڕی قادر، نێوقەدی بریندار بووە و گوازراوەتەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری پیرانشار.