بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بانەمەڕ، حوکمی سێدارەی “یووسف ئیسماعیلی” ٣٨ ساڵە و خەڵکی شاری سەردەشت، لە بەندیخانەی ناوەندیی بەندەرعەباس جێبەجێ کرا.
ئەم بەندکراوە نزیکەی ٣ ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر دەسبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە سێدارە حوکم درا. ئەمە لە حاڵێکدایە کە حوکمی دەرکراو نە بۆ دیوانی باڵای وڵات نێردراوە و نە بە خۆی و بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە.
ئەم بەندکراوە کە خێزاندار و خاوەن دوو منداڵە، لە ماوەی ٣ ساڵ بەندکرانی، لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بوو و تەنیا ٢ ڕۆژ پێش لە جێبەجێکرانی حوکمەکەی، بنەماڵەکەی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو لە دەرچوونی حوکمی سێدارە، بۆ دوایین چاوپێکەوتن بانگی بەندیخانە کران.