لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا شەش کۆڵبەری کورد کوژراون و بریندار بوون.
یەک لەو کۆڵبەرانە “حوسێن بلخکانلو”یە کە لە ناوچە سنوورییەکانی ماکۆ نیزیک گوندی “یارم قیە” لەگەڵ چەند کۆڵبەری دی کەوتنە کەمینی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە ئاکامی تەقەی چەکدارانی ڕێژیمدا گیانی لە دەست دا.
ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕیبەندانیش کۆمەڵێک لە کۆڵبەران لە چیاکانی “بڕوێشکانی” سەر بە ناوچەی بانە، لە ترسی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕوویان کردە ڕێگەیەکی سەخت و دژوار و لە ئاکامی بەفر و سەرمادا دوو کەس بە ناوەکانی “سامان ساڵحی” خەڵکی سەقز و “محەممەد کەریمی” خەڵکی گوندی “شوی”ی ناوچەی بانە گیانیان لە دەست دا و کۆڵبەرێکی دیکەش بە ناوی “عەبباس قادرزادە” تا ئێستا بی سەروشوێنە و چارەنووسی نادیارە.
شەوی یەکشەممە ٧ی ڕێبەندانیش دەستەیەک لە کۆڵبەران لە ناوچەی سنووریی “هەنگەژاڵ” کەوتنە نێو مەیدانی مینڕێژکراوی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە ئاکامی تەقینەوەی میندا دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی “ئەسعەد زەمانی” و خالق مێرگە نەخشینە” بە توندی بریندار بوون.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٩ی ڕێبەندانیش کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی”سامی ڕەشیدی” لە کاتی کۆڵبەریی دا لە شاخەکانی “هەراویل”ی ناوچەی سەڵماس کەوتە خوارەوە و بە سەختی بریندار بوو.