ڕۆژی سێشەممە 19ی پووشپەڕ ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە شاری نەغەدە هێرشیان کردە سەر ماڵی شەهاب ئەحمەدی ئازەر، چالاکی سیاسیی کوردی ئەو شارە و دەسبەسەریان کرد.
شەهاب ئەحمەدی ئازەر خوێندکاری قۆتاغی دوکتۆرای بواری بیۆمیکانیک و دانیشتووی شاری نەغەدەیە و هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش هێرش بۆ سەر ماڵەکەی و پشکنینی تەواوی ئەو شوێنە، بەهۆکاری نادیار ناوبراویان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نەزانراویان گواستووەتەوە.
شەهاب ئەحمەدی ئازەر بەهاری دوو ساڵ لەوە پێشیش بەتۆمەتی “ئەندامەتیی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی گیرا و پاش تێپەڕاندنی قۆناغی لێکۆڵینەوە پەروەندەکەی درایە دادگای شۆڕشی ورمێ و سزای ۶ مانگ زیندانی و ۶۰ زەبری لێدانی قامچیی بەسەردا سەپێندرا.
شایانی باسە شەهاب ئەحمەدی ئازەر ڕەشەممەی ۹۴ لەو بەربژێرانەی بوو کە خۆی بۆ نوێنەرایەتیی مەجلیس کاندید کردبوو، بەڵام سەڵاحییەتەکەی لەلایەن شۆرای نیگابانەوە ڕەت کرایەوە.