لە سێ مانگی پاییزی ئەمساڵدا 201 کەس بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی گیراون و 66 کەس لەوان سزای 149 ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپاوە. لە ماوەی سێ مانگی پاییزی ئەمساڵدا 201 کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. ژمارەیەک لەوان دوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان تا کاتی دادگاییکرانیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و 66 کەس لەوان حوکمی 2 مانگ تا 15 ساڵ (سەرجەم 1786 مانگ) زیندانییان بەسەردا سەپاوە. گرتنی 201 کەس و حوکمدانی 66 کەس لەوان لە ماوەی سێ مانگی پاییزی ئەمساڵ لە حاڵێک دایە کە لە وەرزی هاویندا 160 کەس و لە وەرزی سەرەتای ئەمساڵیشدا 103 کەس بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و ئەمنیەتی گیرابوون، بەوەش دەردەکەوێ کە کەشی سەرکوت لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا ڕۆژ بە ڕۆژ قورستر و ڕژدتر بووە. هەروەها سێ بەندکراوی کورد لە زیندانەکانی کەرەج، ئیلام و هەمەدان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لێ ئەستێندراوە و زیندانییەکیش بە بڕیاری دەزگای داد سزای پەڕاندنی هەر دوو دەستی لە مەچەکەوە بەسەردا سەپاوە. هەروەها لە ماوەی سێ مانگی پاییزدا لانیکەم 9 بەندکراوی کورد کە بە تاوانی کوشتنی بەئانقەست و بازرگانیی مادەی هۆشبەر حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو، لە زیندانەکانی ورمێ، سنە و زەنجان لە دار دراون. هەروەها دادگای بەرزی وڵات سزای ئێعدامی بەندکراوێکی سیاسیی کوردی خەڵکی شنۆ، پشتڕاست کردەوە و مێرمنداڵێکیش لە شاری سەقز سزای ئێعدامی بەسەردا سەپاوە.