چاونیوز: سەربازێکی کورد کە ماوەیەک لەمەوپێش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گیرابوو دوای دادگایی کردنێکی ڕواڵەتی حوکمی زیندانی بەسەر داسەپا.
بە پێی هەواڵی چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، ئالان بەنگینی کوڕی حاسڵ خەڵکی ئاوایی کانی ڕەشی سەر بە شاری شنۆ دوای ئەوەیکە وێڕای دوو هاوڕێی تری لە پادگانی ئەرتەشی شاری تەورێز دەست بەسەر کرابوو پاش ۳۸ رۆژ ناڕوونی لە چارەنووسی، ڕۆژی پێنچ شەممە ٨ی جۆزەردانی ١٣٩٩، لەلایان دادسەرای نیزامی شاری تەورێز بە تاونی “هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردی” بە پێنج مانگ زیندان مەحکوم کرا و ڕەوانەی زیندانی مەرکەزی ئەو شارە کراوە.
جێگەی وەبیرهێنانەوەیە، نزیک ٤٠ شەو لەمەوبەر ئالان بەنگینی، یەحیا ئیبراهیمی و فەرزاد ئیبراهیمی سێ سەربازی پادگانی ئەرتەشی تەورێز بە هۆکاری نادیار لەلایەن هێزەئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کرابوون و بە پێێ سەرچاوەکان یەحیا و فەرزاد دوای چەند حەوتوو ڕاگرتن و لێپرسینەوە ئازاد کران و هەر بەتەنیا ئالان ڕاگیرابوو.