چاونیوز: دوو ژن و پیاوێک لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانیی بۆکان دەسبەسەر کران.
بەپێی هەواڵی چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان) ڕۆژی شەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠، هاونیشتمانییەکی ژنی خەڵکی بۆکان بەناوی “کەژاڵ ئەمینی” بەبێ حوکمی قەزایی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
هەتا ئێستا ڕوون نەبۆتەوە ئەو هاونیشتمانییە لەسەر چی گیراوە.
هەروەها، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٦ی گەلاوێژ، هاونیشتمانییەکی خەڵکی ئاوایی “ئاڵیکەند”سەربە شاری بۆکان بەناوی “شەمزین محەممەدی” لە ماڵەکەی خۆی بەشێوەیەکی پڕلە توندوتیژی و لێدان و کوتان لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر دەکرێ.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی سێ شەممە ٥ی گەلاوێژ، عەزیمە ناسری خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە بۆ جاری دووهەم دەسبەسەر کرا.
ناوبراو، ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٩٩، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوو.
دواتر لە ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ٩٩، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی بۆ بەندی زیندانی ژنان ڕاگوێزرابوو.
عەزیمە ناسری ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەشەمەی ٩٩، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرابوو.