چاونیوز: دوو هاونیشتمانی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەوە شارە بەبێ حوکمی قەزایی دەسبەسەر کران.
بەپێی هەواڵی چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، ڕۆژی پێنج شەممە ١٢ی ڕەشەممەی ١٤٠٠، هاونیشتمانییەکی خەڵکی مەهاباد بەناوی “سامان مەحموودی” وەستاکاری “زەبت و باندی”ماشین، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا.
ئیتلاعاتییەکان، وێڕای پشکنینی دووکانی ناوبراو، موبایلی ئەو هاونیشتمانییەیان دەگەڵ خۆیان بردووە.
هەروەها ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕەشەممە، هاونیشتمانییەکی دیکەی خەڵکی مەهاباد بەناوی “شەهاب(شوانە)عەلیزادە”، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
دوای چەند ڕۆژ لە گرتنی ئەو دوو هاونیشتمانییە، هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەریی و تۆمەتە وەپاڵ دراوەکان زانیارییەکی ئەوتۆ لەبەر دەست دا نییە.