هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری کرماشان سێ چالاکی فەرهەنگیی ئەو شارەیان دەسبەسەر کرد.
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کرماشان بەشێک لە چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبی شاری شائاباد و کرماشانی دەسبەسەر کردووە.
هەر لەو پێوەندیەدا ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کرماشان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سێ چالاکی فەرهەنگی، بە ناوەکانی “فواد موزەفەری” ، ” فەرزاد سەفەرە” و “محەممەد ئەسکەندری” و دەسبەسەریان کردوون.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو هێزانە لە کاتی دەسبەسەر کردنی سێ دوو چالاکە، سەرەڕای پشکنینی ماڵەکانیان دەستیان بەسەر هێندێک کەلوپەلی تاکەکەسی وەک موبایل، کتێب و لاپ تاپ، داگرتووە و لە گەڵ خۆیان بردوویانن.
فەرزاد و فواد، لە چالاکانی فەرهەنگی، نووسەر و ڕەخنەگری ئەدەبی شاری کرماشانن و تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو سێ چالاکە فەرهەنگییە هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.
پێشتریش ئاکۆ جەلیلیان، سۆهراب مورادی، داریوش مورادی، ئەحمەد بەساتی و ئانیسا جەعفەری مێهر لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون.