لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دوو برای خەڵکی گوندی “چۆمان” سەر بە شاری بانە بە ناوەکانی “قادر عەزیزی” ٤٠ ساڵە و “محەممەد عەزیزی” ٣٧ ساڵە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کران.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی عەزیزی بە چاونیوزی ڕاگەیاند: لە ماوەی ڕابردوودا هاونیشتمانییەکی خەڵکی هەرێمی کوردستان کە فەرمانبەری دەروازەی سنووریی باشماخە، دوای گەشت و سەردانکردنی خزمانی لە بانە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەم شارەوە، بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک، دەسبەسەر کرا.
ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد: چەند ڕۆژ دوای دەسبەسەرکردنی ئەم هاونیشتمانییەی خەڵکی هەرێمی کوردستان، قادر عەزیزی کە لە سنووردا کاسبکارە، دەسبەسەر کرا و دوای دوو ڕۆژ، برایەکی ئەم هاونیشتمانییە بە ناوی محەممەد کە ئەویش کاسبکاری سەر سنوورە، بەبێ حوکمی دادوەر دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
هەتا ئێستا زانیارییەکی ورد لە هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەم سێ هاونیشتمانییە لەبەر دەستدا نییە.