ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، “حەسەن خەلیلی”، مامۆستای خانەنشینکراو و ژینگەپارێزی خەڵکی سەردەشت، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە شێوەیەکی توندوتیژ و بێڕێزی دەسبەسەر کرا.
لەمبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە چاونیوزی گوت: حەسەن خەلیلی لە چالاکترین ئەندامانی کۆمەڵگەی مەدەنیی ناوچەی سەردەشتە کە بەبێ حوکمی دادوەر و بە هێرشی چەندین ماشین و دەیان هێزی ئەمنی و بە گەمارۆدانی ماڵەکەی، دوای هەڵسوکەوتی توندوتیژ و بێڕێزیکردن بە بنەماڵەکەی، دەسبەسەر کراوە.
ئەم سەرچاوەیە وتیشی: ئەم چالاکە مەدەنییە کە لە دامەزرێنەرانی تیمی شاخەوانیی سەردەشتە، دوای دوو ڕۆژ لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی دەروونی، ڕۆژی پێنجشەممە لە گرتنگەی ئیتلاعات ئازاد کراو.
دوای بانگەوازی حیزبەکانی کوردستان بۆ ناڕەزایەتی بە حوکمی سێدارەی “پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی”، چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان لە زۆربەی شارەکانی کوردستان، دووکانداران دووکانەکانیان داخست. دوای سەرکەوتنی مانگرتن، هێزەکانی حکومەت تا ئێستا زیاتر لە ٥٠ کەس لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتنەکان دەسبەسەر و لێپرسینەوەیان لێ کردوون.