دوای هەڵوەشاندنەوەی کۆڕی ئەدەبیی “خوێندەوان” کە بڕیار بوو ١٥ پووشپەڕ بەڕێوەبچێت، ناوەندە ئەمنییەکان وێڕای ڕێگری کردن لە بەڕێوەچوونی ئەو کۆڕ فەرهەنگییە پێنج کەس لە بەڕێوەبەران و بەشداربووانی ئەو کۆڕەیان دەسبەسەر کرد.
“مستەفا باقری ئاشنا، ئەندازیار و دانیشتووی شاری کەنگاوەرو ئەندامی ڕێکخراوی ئەندازیارانی گەورەشاری کرماشان، ئەردەشیر مووسەوی کارناسی زانستی سیاسیو دانیشتووی کرماشان، مێهدی ئازادبەخت وێنەگرو خەڵکی کرماشان، بیژەن هێممەتی ئەندازیارو خەڵکی کرماشان، شەهریار تەهماسبی کارناسی کۆمەڵناسیو دانیشتووی کرماشان” شووناسی ئەو پێنج بەندکراوەیە کە لە جەریانی کۆڕی ئەدەبی خوێندەوان دەسبەسەر کراونو تۆمەتی هاوکاری حیزبەکوردییەکانیان دراوەتە پاڵ و بۆ گرتووخانەی “دیزێل ئاباد” گوستراونەتەوە.
هەروەها دوای دەسبەسەر کردنی ئەو ٥ کەسە ، لە رۆژانی ڕابردوو چالاکڤانی دیکەی کورد خەڵکی شاری قوروە بە ناوی ئەرسەلان هیدایەتی دەسبەسەر کرا.
ناوبراو لەو چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێز و فەرهەنگییانەیە کە لە ناوچەی کرماشان وئیلام و لۆرستان چەندین ساڵ خەریکی چالاکیی مەدەنی وفەرهەنگییە.
دەگوترێ هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو چەند چالاکە مەدەنییە هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان و هەوڵدان بە دژی ئاسایشی نیشتمانی ڕاگەیەنراوە.
لە درێژەی کاردانەوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە مەڕ کۆڕی ئەدەبیی خوێندەوان ڕۆژی هەینی ١٥ی پووشپەڕ ئیتلاعاتی کوهدەشت دەستی کردووە بە دەسبەسەرکردنی کۆمەڵێک لە کەسایەتی کە بڕیار بوو لەم کۆڕەدا بەشداربن یان لە بەڕێوەبەرانی ئەم کۆڕە بوون.