چاونیوز: کچێکی تەمەن دوازدە ساڵانە خەڵکی ناوچەی میاندواو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بەپێی هەواڵی چاونیوز، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٧ی سەرماوەزی ١٣٩٩، کیژێکی تەمەن ١٢ ساڵانەی خەڵکی ناوچەی میاندواو بەناوی سارا محەممەدزادە کچی لوقمان بەهۆکاری ناڕوون کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
هەر لەم پێوەندییەدا لە ڕێکەوتی ٢٤ی سەرماوەز کچێکی ١٥ ساڵانەی خەڵکی بۆکان بەناوی ماهەک مەلەکزادە کە لەسەر بەرزەپردی میراوەی بۆکان هەوڵی خۆکوشتنی دابوو، ڕۆژی هەینی لە نەخۆشخانەیەکی ورمێ کۆتایی بە ژیانی هات.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە، هۆکاری خۆکوژی ئەو کچە ١٥ ساڵانەیە بۆ کەمی نمرەکانی لە قوتابخانە دەگەڕێتەوە.
بە پێی ئاماری ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان(چاونیوز)، لەماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا لە کوردستان، ٩ کەس بە هۆکاری جۆراوجۆر کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە لەوانە ٥ کەسیان پیاو و ٤ کەسیشیان ژن(کچ) بوونە کە تەمەنی ٥ کەس لەو نۆ کەسە ژێر ١٨ ساڵ بووە.