ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئیلام خوێندکارێکیان بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی دەسبسەر کردوە. لە شاری سەرپێلی زەهاویش باوکێک بە تاوانی ئەوەی کوڕەکەی ئێرانی جێهێشتووە گیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی 25ی گەلاوێژ خوێندکارێکی زانکۆی باختەر لە ئیلام بە ناوی سۆهەیل محەممەدپوور گیراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
سۆهەیل محەممەدپوور یەکێک لە چالاکانی خوێندکاریی ئیلامە بە کە هۆی نوسینی کۆمەڵە بابەتێکی ڕەخنەگرانە لەسەر دەستێوەردانی سپا و بەسیج لە چالاکییە فەرهەنگییەکانی زانکۆدا، لەلایەن بەشی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە گیراوە.
لە هەواڵێکی دیکەدا ڕۆژی 21ی گەلاوێژیش لە سەرپێڵی زەهاو کەسێک بە ناوی حەیدەر ئەلیاسی گیراوە و دوو ڕۆژ لە زیندانی ناوەندە ئەمنیەتییەکاندا لە ژێر لێکۆڵینەوەدا بووە.
حەیدەر ئەلیاسی بۆیە گیراوە کە کوڕێکی بە شێوەی ناقانوونی ئێرانی بەجێهێشتوە و ئێستا بنەماڵەی حەیدەر ئەلیاسی خراونەتە ژێر فشارەوە کە دەبێ کوڕەکەیان خۆی ڕادەستی ئیتلاعات بکا.