دوو کرێکاری دیکەی کورد لە شارەکانی تارانو ئیلام بەهۆی ڕووداوی کار گیانیان لە دەست دا.
ڕۆژی هەینی ١٥ی بانەمەڕ، کرێکارێکی خەڵکی گوندی پایگەلان سەر بە ناوچەی سەوڵاوای مەریوان بە ناوی مەسعوود شێر محەممەدی لە تاران لە بینایەکی بەرز بەربۆوەو گیانی لە دەستدا.
لە شاری ئیلامیش کرێکارێک لە کاتی کارکردن لە بینایەک لە یەکێک لە شەقامە سەرکییەکانی ئەو شارەدا بە هۆی ڕووخانی بیناکە گیانی لە دەستدا.
“ئیرنا” کە هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەو کرێکارەی بڵاو کردۆتەوە، بێ ئەوەی ئاماژە بە ناوەکەی بکا دەڵێ ئەو کرێکارە خێزاندارو باوکی دوو منداڵ بووە.
ئەنوەر خالیدی خەڵکی بانە، شەهاب قوربانی خەڵکی پیرانشارو فەرزانە ناوخاسی خەڵکی کامیاران ناوی چەند قوربانییەکی دیکەی ڕووداوی کارن کە لە سەرەتای یەک مانگی ڕابردوودا بەهۆی نەبوونی ڕێوشوێنەکانی پاراستن لە کاتی کارکردندا گیانیان لە دەست داوە.
لە ساڵدا نزیك بە ٢ هەزار كەس لە ئێران بە هۆی ڕووداوی كار گیانیان لەدەست دەدەن كە ئەم مەسەلەیەش زیاتر لە كانگا بهردهکانو لهسهر كارەكانی بیناسازی ڕوو دهدهن. بەپێی ئامارهکان سەدی ٤٥ی ڕووداوەكانی كار لە ئێران پێوەندیی بە بەشی بیناسازییەوە هەیە، ئەمەش لە حاڵێكدایه كە زۆربەی قوربانیانی ڕووداوی كار بیمەیان نییەو لەلایەن قانوونەوە هیچ پشتیوانییهکیان لێ ناكرێ.