چاونیوز: دوو هونەرمەندی دەنگبێژی کورد لە دوو ڕووداوی جیاوازدا دەستبەسەر و بریندار کران.
بە پێێ هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی پووشپەڕی ١٣٩٩، هونەرمەندێکی کورد بە ناوی “عەبدوڵڵا چاوەشی” خەڵکی گوندی “حاجی لەک” سەر بە ناوچەی “چۆمی مەجیدخانـ”ـی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هونەرمەندە کوردە و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە. ئەو سەرچاوەیە هەروەها رایگەیاند: “هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو هونەرمەندە کوردەدا، دەستیان بە تەقەی هەوایی کردووە”.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هەنووکە گوندی “حاجی لەک” لەژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەتییەکاندایە.
هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو هونەرمەندە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
لەلایەکی ترەوە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هونەرمەندێکی خەڵکی نۆدشە سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناوی ”فواد زیایی“ لەکاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی ئەو شارە بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی قاچێکی شکاوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هونەرمەندە کە لە ڕووی ناچارییەوە ڕووی لە کۆڵبەری کردووە، لەکاتی خۆ دەرباز کردن لە بۆسەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەربووەتەوە و قاچی شکاوە.
فواد زیایی ناسراو بە فواد نۆدی، نزیکەی دوو دەیەیە لە لە بواری هونەر و گۆڕانی چالاکی دەکات.