چاونیوز: دوو هاونیشتمانی کورد خەڵکی شارەکانی سەقز و کامیاران حوکمی ٣٢ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپا.
بەپێی هەواڵی چاونیوز، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دادگایی شۆرشی شاری سەقز بە سەرۆکایەتی جەواد مستەفایی و بە پێی بڕیار و گوزارشی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز، بە تۆمەتی ئەندامیەتی لە پارتی ئازادیی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان سزای ۲ساڵ زیندانی بەسەر عێرفان مورتەزایی ٣٢ ساڵە کوڕی عیزەتوڵڵا دانیشتووی شاری سەقز داسەپاند.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، ئەو هاونیشتمانییە پێشتر لە ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەر لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەگیرێ و دواتر بە دانانی بارمتەی ١٥٠میلیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی ئازاد دەکرێ.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆستەم ئیبراهیمی، خەڵکی ئاوایی “تەخت زەنگی” سەر بە شاری کامیاران، لە لایەن لقی یەکی دادگەی شۆرشی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی، سزای ١٠ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.
دادگای ئینقلاب و دەزگای ئەمنی و هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو هاوڵاتییەیان بە “هاوکاری و بانگەشە لە بەرژەوەندی یەکێک لە حزبە کوردستانیەکانی ئۆپۆزیسیونی حکومەتی ئێران” تۆمەتبار کردووە.