چاونیوز: کەماڵ شەریفى زیندانیی سیاسی، دوای ١٤ ساڵ هەروا لە دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشە و ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، داوای ئازادکردنی ئازادی و پیڕاگەیشتنی بەپەلەی ئەم زیندانییە سیاسییە دەکا.
کەماڵ شەریفی ٤٩ ساڵە خەڵکی سەقز کە لە بواری جەستەییەوە نەخۆش کەوتووە، لە ساڵى ١٣٨٧ى هەتاوییەوە هەتا ئێستا بە شێوەى نادادپەروەرانە لە زیندانە و حوکمی ٣٠ ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە و تا ئێستا تەنیا جارێک چاوی بە بنەماڵەکەی کەوتووە و بەئەنقەست بێبەش کراوە لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەى.
کەماڵ شەریفى لە ساڵى ١٣٩٠ى هەتاوى تووشی جەڵتەى دڵ بووە و کێشەگەلى نەخۆشى دڵ و هەرس و ئازارى جومگەکان و سوانى پووک و لەدەستدانى ددانەکانى هەیە.
ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى ڕوو لە خەڵکى ئێران دەکات و دەڵێت بە نامەناردن داوا لە بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامى بکەن کە کەماڵ شەریفى بە خێرایی ئازاد بکەن، چونکە بە بوونى نەخۆشیگەلى جیددى وەک کۆڤید ـ ١٩ لە زیندان، زیاتر دەکەوێتە بەردەم مەترسى مەرگ یا نەخۆشیی کوشندە.